رووداو دیجیتاڵ
شەش گەشتیار لە بەرزاییەکانی خۆی و پیرانشاری پارێزگای ورمێ بێسەروشوێن بوون. بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا یەکێک لە گەشتیاران دۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوای ئەوانەی دیکەدا بەردەوامە.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێێ رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 09-09-2026، ئاگادار کراونەتەوە کە لە بەرزاییەکانی (کانی لۆسە)ـی سەر بە بادیناوای پیرانشار دوو گەشتیار بێسەروشوێن بوون.
بەگوتەی حەمید مەحبووبی، دەستبەجێ تیمەکانیان دەستیان بە گەڕان کردووە و درەنگی دوێنێ شەو، یەکێک لە گەشتیارەکانیان دۆزیوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ورمێ بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی گەشتیارەکە گوتی، ''دوای هێنانە خوارەوەی لە بەرزاییەکان و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت''.
وەک حەمید مەحبووبی دەڵێت، گەڕان بەدوای گەشتیارەکەی دیکە لە هەمان ناوچەی پیرانشار بەردەوامە.
هاوکات لە بەرزاییەکانی (چلەخانە)ـی شاری خۆی، چوار گەشتیار بێسەروشوێنن. بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە ئێوارەی دوێنێوە تیمەکانیان لەو ناوچەیەش دەستیان بە گەڕان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەنەتەوە.
پیرانشار دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێی و خۆی لە باکووری پارێزگاکە هەڵکەوتووە. هەردوو شار بەرزایی، چیا و دارستانی زۆریان هەیە. شارەکانی پیرانشار و خۆی بە چیاکانی قەندیل و ئاورین ناسراون کە دوو لە بەرزترین چیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن و ساڵانە گەشتیار و شاخەوانێکی زۆر روویان تێدەکەن.



