رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەى پۆلیسی کەرکووک دوو جار لەسەر یەک ئامادەى دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگا نابێت، کە داواى میوانداریکردنیان کردووە و ئەنجوومەنەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە بەبێ رەزامەندى "مەرجەعەکان"ی خۆی لە وەزارەتى ناوخۆ ئامادەى دانیشتنەکەیان نابێت.
بۆ دووەم دانیشتنى لەدواى یەکی ئەنجوومەنى پارێزگا، فەتاح خەفاجی، فەرماندەى پۆلیسی کەرکووک بە وەکالەت ئامادە نەبوو، لەگەڵ ئەوەى میوانداریکردنى لە خشتەى کارى کۆبوونەوەکەدا بووە.
عەبدوڵڵا ميروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، داواکارى میوانداریکردنى فەرماندەى پۆلیسی کەرکووک لەسەر داواى یەکێک لە ئەندامانى ئەنجوومەن بووە، لەدواى ئەوەى ئەندامەکە چووەتە یەکێک لە بنکەکانى پۆلیس بۆ کارى چاودێری و رێگرى لێکراوە.
دوایین دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 8ى ئەیلوول کرا، کە یەکێک لە ئەجێنداکانى میوانداریکردنى فەرماندەى پۆلیس بوو، بەڵام ئامادە نەبوو.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەتاح خەفاجی کە 8ى ئەیلوول ئاراستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکى کردووە، تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، ناتوانێت ئامادەى دانیشتنى ئەنجوومەنەکە بێت هەتاوەکو رەزامەندى فەرمى لە مەرجەعەکانى وەرنەگرێت.
عەبدوڵڵا ميروەیس رایگەیاند کە فەرماندەى پۆلیس ئاماژەى بەوە داوە، بەبێ رەزامەندى وەزارەتى ناوخۆ ئامادەى دانیشتن نابێت، بەڵام بۆ دانیشتنەکانى داهاتووى ئەنجوومەن جارێکى دیکە داواى میوانداریکردنى لێ دەکرێت و دەخرێتەوە نێو خشتەى کار.

فەرماندەى پۆلیسی کەرکووک لە نەتەوەى عەرەبە، بە نووسراوى فەرمى داواى لە نووسینگەى بریکارى وەزارەتى ناوخۆ بۆ کاروبارى پۆلیس کردووە کە تاوتوێى ئەو داواکارییەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە.




