رووداو دیجیتاڵ
بەشی کریەیتڤی تۆڕی میدیایی رووداو، خەڵاتی ستیڤیی نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای بەدەستهێنا، ئەوەش بەهۆی ئەو داهێنان و نوێگەرییەی لە دیزاین و ریبراندینگ دا کردوویەتی. بەرپرسی بەشی کریەیتیڤی رووداو خەڵاتەکەی وەرگرت و رایگەیاند: "بردنەوەی خەڵەتەکە شانازییەکی گەورەیە" و ئامانجی گەورەتریشیان هەیە.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەڕێوەچوو.
بەشی کریەیتیڤی رووداو، بە پڕۆژەی "ریبراندینگ و ناسنامەی دیجیتاڵیی تۆڕی میدیایی رووداو 2025" و لە پۆلێنی "داهێنان لە ریبراندینگ دا" سەرنجی لیژنەی دادوەرانی خەڵاتەکانی ستیڤی راکێشا و خەڵاتی زیوینی بەدەستهێنا.
محەممەد سەفار، بەرپرسی بەشی کریەیتڤی رووداو ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا رایگەیاند: "مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە لە تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەم خەڵاتە بەدەستدەهێنین. بۆ ئێمە، ئەمە سەرلەنوێ پشاندانی نوێگەرییە کە تەنیا بەواتای دەرکەوتنی بە دیمەنێکی نوێ نەبووە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئەوەی کە چۆن دەربڕین لە ناسنامەی خۆمان بکەین، بە بڕوابەخۆبوون بۆ ئامانجی گەورەتر".
بەرپرسی بەشی کریەیتڤی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد: "بەدەستهێنانی حەوتەمین خەڵاتی ستیڤی بۆ رووداو، ئەم ساتە وەختە زۆر تایبەتتر دەکات. من زۆر شانازی بە تیمە داهێنەرەکەمانەوە دەکەم و شانازیش دەکەم کە داهێنەریی لە کوردستانەوە دەگەیەنینە جیهان".
ئەمە دووەم خەڵاتی نێودەوڵەتییە کە بەشی کریەیتڤی تۆڕی میدیایی رووداو بەدەستی دەهێنێت، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵ دا خەڵاتی دیزاینی فەرەنسی بۆ باشترین بیرۆکە بەدەستهێنا.
هاوکات لاوک دانا، دیزاینەری پێشکەوتوو لە بەشی کریەیتیڤی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە بردنەوەی خەڵاتەکە رایگەیاند: "دەستمان بە دیزاینکردنەوە و نوێکردنەوەی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و شانازی بە بردنەوەی خەڵاتەکەوە دەکەین".
لاوک دانا ئاماژەی بەوەش کرد: "بردنەوەی خەڵاتەکە بەرهەمی شەونخوونی و کارکردنی بەیەکەوەیی هاوکارەکانمانە".
وردەکاری خەڵاتەکە
ساڵانە زیاتر لە 12,000 بەشداربوو لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشداری رکابەری خەڵاتەکانی ستیڤی دەکەن . ئەمە حەوتەمین خەڵاتی ستیڤییە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو وەردەگیرێ، دوای ئەوەی توانی لە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 شەش خەڵاتی ستیڤی بباتەوە.
ئێستا ناوی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێزی ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتیدایە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە پڕۆگرامە جیاوازەکانی ستیڤی دا خەڵاتکراون، لەنێویاندا براندە جیهانییەکانی وەک نێتفلیکس، ئەمازۆن، گووگڵ و ئەپڵ.
لیژنەی دادوەریی خەڵاتەکانی ستیڤی ستایشی پڕۆژەکەی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و رایدەگەیێنێت: "کارێکی نایابیان کردووە لە پێناسەکردنەوەی خۆیان وەک بەشداربوویەکی هاوچەرخ لە جیهانی میدیادا ."
خەڵاتی ستیڤی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ساڵی 2019 لەلایەن خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی ستیڤییەوە دامەزراوە، کە تێیدا رێزلێنان پێشکێشی داهێنەران لە بوارە جیاوازەکانی ناوچەکەدا دەکرێت.

