رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی گرژییەکانی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان لەسەر کوژرانی گەنجێک و دواتر کەوتنەوەی ئاگر لەنێو گرتووخانەی شارەکە، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرەتای گرژییەکان دوای ئەوە هات کە کۆتایی هەفتەی رابردوو گەنجێک بە ناوی سیپان حزنی شەهیدکرا و بەوهۆیەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە کۆبانێ، قامشلۆ و زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.
سیپان حزنی ئەندامی لیوایەکی سوپای سووریا بوو و لەو شەڕڤانانە بوو کە پێشتر لەنێو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.
لە شاری کۆبانێ، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن و کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن، گرژی و پێکدادان لەنێوان لایەنە ئەمنییەکان و خەڵکی ناڕازیدا دروستبوو. بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانەوە، قەدەخەی هاتووچۆ بۆ چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە کۆبانێ راگەیێندرا، هێزێکی گەورەی ئەمنی رەوانەی نێو شارەکە کرا و دەستکرا بە دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕازی و خستنە نێو گرتووخانەوە.
ناڕەزایی لەنێو گرتووخانە و کەوتنەوەی ئاگرەکە
ناڕەزایی لەنێو گرتووخانەکە لە دەوروبەری کاژێر 2:00ـی بەرەبەیان دەستیپێکرد، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بڕیاریاندا بەشێک لەو گەنجانەی لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون، بەرەو گرتووخانەکانی شاری حەلەب بگوازنەوە.
دەستگیرکراوەکان دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە. لە ئەنجامی تێکچوونی دۆخی نێو زیندانەکە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئاگری لە دۆشەکەکەی بەردا. ئاگرەکە بە خێرایی بە نێو تەواوی باڵەخانەکەدا تەشەنەی سەند و بووەهۆی سووتانی بەشێکی زۆری بیناکە و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە زیندانییەکان لەنێو دووکەڵ و ئاگردا.
عەدنان بۆزان: قەدەخەی هاتووچۆ هەبوو و دەبێت هێمنی بپارێزرێ
عەدنان بۆزان، سەرکردە لە پارتی یەکێتیی کوردستانی لە کۆبانێوە بە تەلەفۆن بەشداری لە بووڵتەنی هەواڵەکانی رووداودا کرد و لە وەڵامی پرسیاری دڵدار هەرکی لەبارەی ئەوەی چی لە شارەکە روویدا، گوتی: "وەک خۆتان بینیوتانە ئەمە ناڕەزایەتیی خەڵکە لەبەرامبەر شەهیدکردنی سیپان حزنی. لە دوێنێ ئێوارەوە خەڵک دەستی بە خۆپێشاندان کرد لە کۆبانێ و شارەکانی دیکە. هێزەکان هەوڵیاندا بڵاوە بە خەڵکەکە بکەن و لە ئەنجامدا ئاڵۆزی دروستبوو. قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا و هێزێکی زۆر هێنرایە کۆبانێ."
لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ، عەدنان بۆزان گوتی: "شەو هەبوو، ئێستا خەڵک هاتووچۆ دەکەن." لەبارەی سەرچاوەی زانیارییەکانیشی لەسەر ئاماری زیانەکان گوتی: "پێش ئەوەی بەشداری ئەم بووڵتەنە بکەم، پەیوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد لە زیندانەکان کە ئاگاداری دۆخەکەن و وایان گوت. تاوەکو درەنگانی شەویش دەنگی تەقە دەهات."
ئەو سەرکردەیەی پارتی یەکێتی هۆشداری دا لە نانەوەی ئاژاوە و گوتی: "خۆپێشاندان مافی هەموو کەسێکە و نابێت رێگری لێبکرێت، بەڵام نابێت بە شێوازێک دەرببڕدرێ کە ئاڵۆزی و ئاگرکەوتنەوەی لێبکەوێتەوە، چونکە کەسانی نەژادپەرست دەیانەوێ پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب تێکبدەن. پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتیش بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ کەسانی ناڕازیدا بکەن، نەوەک بە گیانی رق و تۆڵەسەندنەوە."
فەرهاد باقر: کێشە لە هاوئاهەنگیی هێزەکاندا هەیە
هاوکات فەرهاد باقر، مافناس سەبارەت بە دۆخی کۆبانێ گوتی: "ئێستا رەوشی کۆبانێ ئارامە و ناڕەزایەتییەکان دوێنێ شەو لەبەر کوژرانی ئەو گەنجە دروستبوون."
لە وەڵامی پرسیاری دڵدار هەرکیدا لەبارەی ئەوەی بۆچی هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر خۆپێشاندەرانیان نەپاراست و هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حکومەت چوون، ئەو مافناسە گوتی: "ئەمە بۆ ئێمەش شۆکە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە. بەمەدا دیارە ئەو تێکەڵکردنەی هێزەکان کە باسی لێوە دەکرێ بە باشی نەڕۆیشتووەتە پێشەوە، دەبێت رێکاری تێکەڵکردنی هێزەکان بە باشی و رێکوپێکی بەڕێوەبچێت."
پەیامنێری رووداو لە کۆبانێ: 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 بریندارن
هاوکات شڤان مسی، پەیامنێری رووداو لە کۆبانێ گوتی، تاوەکو ئێستا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکەش بریندارن کە برینی 4 کەسیان سەختە.
وەک پەیامنێری رووداو گوتی، بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی کۆبانێ، ئەمەل و ئەڵمانی لچارەسەر وەردەگرن.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە بینای گرتووخانەکە بە تەواوەتی سووتاوە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، 27 گەنج دەستگیرکرابوون کە دواتر 10 کەسیان ئازادکران، بەڵام 17 گەنجەکەی دیکە بۆ حەلەب گوێزراونەتەوە.