رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە دەستگیرکراوانی نێو گرتووخانەکەی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا بریندار بووە، وردەکاریی ئەو ساتانە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە کە ئاگر لە ژوورەکەیاندا کەوتووەتەوە و دەڵێت: "26 کەس لە ژوورێکدا بووین و سێ هاوڕێمان لەبەردەمماندا گیانیان لەدەستدا."
رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، مەحموود مانزێ، کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا لەنێو گرتووخانەکەدا بووە، چۆنیەتیی رووداوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە هەموومان نووستبووین، ئەوەندەمان زانی بوو بە گرمەگرم، گوتیان خەڵک هێرشیان کردووە. ئێمە هاتینە دەرەوە بینیمان راست نەبوو، ئاسایشی گشتی بوو هاتبوو، گوتیان خەڵک لە ئاسایشی گشتی داوە".
گوتیشی: "دواتر گرتووەکان وەک ناڕەزایەتییەک ئاگریان لە ژوورەکە بەردا، ئێمە 26 کەس لە ژوورێکدا بووین؛ من لەوێ بووم، سێ هاوڕێمان مردن، ئێمە هەڵمانگرتن و چووینە دەرەوە."
مەحموود مانزێ باسی لەوەشکرد: "هەموو ئەوانەی لەوێ بوون بریندار بوون، ئاگرەکەش تەنیا لە ژووری ئێمەدا بوو، هەموو شتێک سووتا. من ئێستا هەموو سکم، پشتم، گوێ و قۆڵم سووتاون. ئێمەیان بۆ کردووەتە زیندانەوە، چیمان کردووە؟"
سەرەتای رووداوەکە چۆن بوو؟
رووداوەکەی نێو گرتووخانەکە لە دەوروبەری کاژێر 2:00ـی بەرەبەیان دەستیپێکرد، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بڕیاریاندا بەشێک لەو گەنجانەی لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون بەرەو گرتووخانەکانی شاری حەلەب بگوازنەوە، بەڵام دەستگیرکراوان دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە.
لە ئەنجامی تێکچوونی دۆخی نێو زیندانەکە، یەکێک لە دەستگیرکراوان ئاگری لە دۆشەکەکەی بەردا و بەهۆی تەشەنەسەندنی خێرای ئاگرەکە، بەشێکی زۆری بیناکە سووتا و ژمارەیەک زیندانی لەنێو دووکەڵ و ئاگردا گیانیان لەدەستدا.
سەرەتای گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە هات، کۆتایی هەفتەی رابردوو گەنجێک بە ناوی سیپان حزنی شەهیدکرا، کە ئەندامی لیوایەکی سوپای سووریا بوو و پێشتریش شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو. بەو هۆیەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە کۆبانێ، قامشلۆ و چەندین ناوچەی دیکە دەستیپێکرد.
لە شاری کۆبانێ، بەهۆی هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران، گرژی و پێکدادان دروستبوو. دواتر قەدەخەی هاتووچۆ بۆ چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە کۆبانێ راگەیێندرا و هێزێکی زۆری ئەمنی رەوانەی نێو شارەکە کران، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە گەنجانی ناڕازی دەستگیرکران و خرانە ئەو گرتووخانەیەی کە دواتر رووداوەکەی تێدا روویدا.
رۆژی شەممە، 12ی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە رووداوەکە گوتی، "لە دوای ئەو پێشهاتانەی دوێنێ لە شاری کۆبانێ روویاندا، ژمارەیەک کەس هەستان بە دروستکردنی ئاژاوە و پشێوی لەنێو زیندانی شارەکەدا و لە چەندین هۆبەدا ئاگریان کردەوە، بەهۆیەوە ئاگرەکە تەشەنەی سەند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت زیندانی و برینداربوونی دەیانی دیکە بەهۆی دووکەڵ، خنکان و سووتانەوە."
فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوەیەک دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکار و وردەکاریی رووداوەکە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان، هەروەها رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە تێوەگلانی لە رووداوەکەدا ساخ بێتەوە."

