رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی کۆمەڵگەی گەشتیاریی دەروازەی کەلار، کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستابوو، جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە و چاوەڕوان دەکرێت گەرمیان بکاتە وێستگەیەکی گرنگی گەشتیاری.
دەروازەی شاری کەلار سیماکەی دەگۆڕێت، پڕۆژەکە کەوتووەتە گەڕ و ئامانج لێی گۆڕینی سیمای شارەکە و راکێشانی گەشتیارە بۆ ناوچەکە.
مەریوان ساڵح، بەڵێندەری پڕۆژەکەیە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئەم پڕۆژەیە بۆ گەرمیان زۆر گرنگە؛ دەمانەوێ دەروازەی شار بکەینە ناوەندێکی گەشتیاریی پێشکەوتوو کە ببێتە هۆی راکێشانی گەشتیار بۆ ناوچەکە و سیمایەکی جوان بە شارەکە ببەخشێت."
پڕۆژەکە لەسەر رووبەری چوار دۆنم زەوی دروستدەکرێت و 75%ـی رووبەرەکەی بۆ سەوزایی تەرخان کراوە. بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی یەک ساڵدا تەواو بکرێت. کۆمەڵگەکە چەندین بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت، وەک مۆتێل، کابینەی گەشتیاری، رێستۆرانت و خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل.
هێرش فەیزوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان بە رووداوی گوت، "بۆ ئەم پڕۆژەیە چاومان لەوەیە گەشتیاری زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بهێنینە گەرمیان و لە ناوچەکەمان بمێننەوە."
تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی یەک ساڵدا، تەنیا سیمای دەروازەی کەلار ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ حەوانەوەی ئەو گەشتیارانەی لە نێوان ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هاتووچۆ دەکەن. ئیدارەی گەرمیان چاوی لەوەیە لە رێگەی ئەم جۆرە پڕۆژە گەشتیارییانەوە، سەرچاوەی داهات و هەلی کار لە ناوچەکەدا زیاد بکات.