رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی حکومەت ئاگادار دەکاتەوە داواکاری نوێکردنەوە دانانی کاتی (تەنسیب) و درێژکردنەوەی گرێبەستی راوێژکاری رابگرن.
بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و بە ژمارە (10383) لە رێککەوتی 23ی ئابی 2026 دەرچووە؛ نووسراوی تایبەت بە کارکردن بە گرێبەستی راوێژکاری دوای خانەنشینبوون یاخود درێژکردنەوەی گرێبەستی راوێژکاری راگیراوە.
هاوکات لە بەشێکی نوسراوەکەدا هاتووە، سەرجەم داواکارییەکان بۆ نوێکردنەوەی دانانی (تەنسیب) بۆ زیاتر لە سێ جار لە سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگیراوە.
پیشتریش سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادارکردبووەوە، دانانی جێگر و راسپاردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراو بە گرێبەست لەسەر داھاتی ناوخۆ راگیراوە و هیچ ناوێک بۆ ئەو مەبەستە بەرز نەکرێتەوە.


