رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام دەڵێت، هێشتا حکومەت پێنج تریلیۆن تمەنی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە لایە و بۆی خەرج نەکردوون. دەشڵێت، لە پلانی حکومەتدایە تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەم ساڵ، سەرجەم پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە لایەن جووتیارانی پارێزگاکەوە رادەستی سایلۆکان و ناوەندە حکومییەکانی وەرگرتنی گەنم کراوە کە بایی 12 تریلیۆن و 500 ملیار تمەن بووە، بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە نزیکەی 53 ملیۆن دۆلار.
بە گوتەی ئەسغەر باباخانی، تاوەکو ئێستا لە چەندین قۆناخدا بڕی حەوت تریلیۆن و 500 ملیار تمەن (نزیکەی 31.8 ملیۆن دۆلار) لە پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە، بەڵام هێشتا پێنج تریلیۆن تمەن (زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلار) لە لای حکومەت ماوە.
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام دەڵێت، بەپێی پلانێک، لە ماوەی دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا یەک تریلیۆن تمەنی پارەی گەنمی جووتیاران لە سەرانسەری ئێران خەرج دەکرێت. گوتیشی، حکومەت پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەم ساڵ، سەرجەم پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرج بکات.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیلام، ئەم ساڵ لە رووبەری زیاتر لە 170 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە گەنم چێنراوە و بەرهەمەکەی زیاتر لە 340 هەزار تۆن بووە، کە 250 هەزار تۆنی رادەستی سایلۆکان کراوە.


