رووداو دیجیتاڵ
قوتابییەکی شاری هەولێر لە پێشبڕکێی بیرکاریی هزریی وڵاتانی عەرەبی لە سعودیە، لە قورسترین ئاستی پێشبڕکێکەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بوو بە "پاڵەوانی پاڵەوانەکان."
لەو پێشبڕکێیەدا کە بە بەشداریی 210 قوتابی لە وڵاتانی جەزائیر، تونس، سعودیە، میسر، سودان، کوردستان، فەلەستین، عێراق و مەغریب بەڕێوەچوو، چوار قوتابیی کورد بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان کرد.
عەبدولڕەحمان ئاراس، قوتابی قوتابخانەی کامبریج لە هەولێر، لە قورسترین ئاستی پێشبڕکێکەدا کە بە ئاستی (H) ناسراوە، توانی زۆرترین پرسیار بە دروستی وەڵام بداتەوە و پلەی یەکەمی زێڕینی باڵا بەدەستبهێنێت.
ئەو قوتابییە بە رووداوی گوت: "زۆر دڵخۆشم کە توانیم وەکو قوتابییەکی کورد بەشداربم لەم ئۆڵۆمپیاتەدا و پلەی یەکەمی باڵا بەدەستبهێنم. ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا لە هەموو پێشبڕکێ جیهانییەکاندا بەشداربم و ناوی کورد بە بەرزی بهێڵمەوە." هەروەها سوپاسی دایک و باوکی دەکات، کە "زۆر ماندووبوون لەگەڵی".

لە هەمان پێشبڕکێدا، سێ قوتابیی دیکەی کورد لە شارۆچکەی پیرەمەگروون بەشدارییان کرد و ئەوانیش ئەم ئەنجامانەیان بەدەستهێنا:
هامنۆ: لە ئاستی (F) پلەی زێڕینی بەدەستهێنا.
رۆڤار: لە ئاستی (C) پلەی زێڕینی بەدەستهێنا.
راوێڵ: لە ئاستی (G) پلەی زیوینی بەدەستهێنا.
ئەم قوتابییە کوردانە لە رێگەی پڕۆگرامێکی بیرکاری هزری بە ناوی "Mental Math" و لەسەر دەستی راهێنەر پێشواز شەفیق لە شاری هەولێر راهێنانیان پێکراوە.
ئەم پێشبڕکێیە ساڵانە لەلایەن سەنتەرێکی سەر بە جەزائیرەوە لە یەکێک لە وڵاتە بەشداربووەکان سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبرێت.
بەشداربووانی کورد لەم خولەدا بە جلوبەرگی کوردی و هەڵگرتنی ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان کرد و رایانگەیاند، ئامانجیان بەرزکردنەوەی ناوی کوردستانە لە بوارە نێودەوڵەتییەکاندا.
پاڵەوانێتییەکە رۆژی 12ئەیلوولی 2026 بەڕێوەچوو، ماوەکەشی تەنیا پێنج خولەک بوو.


.webp&w=3840&q=75)
