رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای ورمێ دەڵێ، ئێستا ئاوی دەریاچەکە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، 8.6 هێندە زیاترە و رووبەری دەریاچەکەش بەراورد بە پار چوار هێندەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بڕی ئاوی نێو دەریاچەی ورمێ دوو ملیار و 670 ملیۆن مەتر سێجایە، لە کاتێکدا پار ئەم کاتە 310 ملیۆن مەتر سێجا بوو.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ گوتی، بەراورد بە پار، ئەم ساڵ ئاوی نێو دەریاچەکە دوو ملیار و 360 ملیۆن مەتر سێجا زیاترە و بەو پێیەش بڕی ئاوی دەریاچەکە نزیکەی 8.6 هێندەی پارە.
مەجید رەستگاری ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ دوو هەزار و 70 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە بەراورد بە پار زیاتر لە چوار هێندە زیاترە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ، ئێستا ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ 1270 مەتر و 63 سانتیمەترە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار نزیکەی یەک مەتر و 13 سانتیمەتر زیاترە.
دەریاچەی ورمێ، گەورەترین دەریاچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە کاتی ئاسایی و پڕئاویدا بڕی ئاوی نێو دەریاچەکە زیاتر لە 32 ملیار مەتر سێجایە و رووبەرەکەیشی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام چەند ساڵێکە ئەو بڕە بەردەوام کەم بووەتەوە.


