رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک هەوڵێکی بەقاچاخبردنی 3 هاووڵاتیی پاکستانی لەنێو سندووقی ئۆتۆمبێلێکدا پووچەڵکردەوە.
عەمید عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:"درەنگانی شەوی رابردوو لە بازگەی دارەمان لە پارێزگاکە، هێزەکانمان هەوڵێکی بەقاچاخبردنی سێ پاکستانییان پووچەڵکردەوە کە دەیانویست بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە نێو کەرکووک".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "شۆفێرەکە، کە هاووڵاتییەکی عەرەب و خەڵکی تکریتە، هەوڵی دەدا بەبێ پشکنین بازگەکە تێپەڕێنێت. ئەو هاووڵاتییە دوو ژن و منداڵێکی لەگەڵ خۆی هێنابوو تاوەکو وا دەربکەوێ کە گەشتێکی خێزانییە."
کاتێک کارمەندانی بازگەکە داوایان لەو شۆفێرە کردووە بۆ پشکنین بووەستێت، شۆفێرەکە هەڵاتووە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس دوای کەوتوون. عەمید عامر نووری گوتی، "دوای پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە، دەرکەوت سێ کەسی پاکستانی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکەدا شاردراونەتەوە."
شۆفێرەکە و سێ هاووڵاتییە پاکستانییەکە رادەستی دادگە کراون بۆ ئەنجامدانی رێکاری یاسایی بەرامبەریان.


