رووداو دیجیتاڵ
کڕینی سێو لە باخەوانان لە پارێزگای ورمێ دەستی پێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش 73 ناوەندی کڕین و هەڵگرتنی بەرهەمەکە لە پارێزگاکەدا کراونەتەوە.
محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ دووشەممە، 14-09-2026 رایگەیاند، بە مەبەستی نەهێشتنی دەڵاڵەکان، رێکخستنی زنجیرەی بەرهەمهێنان و گەیاندنی سێوی باخەوانان بە شێوەیەکی رێکوپێک بە کارگەکانی پیشەسازیی خۆراک، 73 ناوەندی کڕین و هەڵگرتنی بەرهەمەکە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکەدا کراونەتەوە.
محەممەد رەزا ئەسغەری ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا نۆ هەزار تۆن سێو بە نرخی گونجاو لە باخەوانانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
سەبارەت بە توانای پیشەسازیی خۆراک لە پارێزگاکەدا، ئەسغەری گوتی: "ئێستا 42 کارگەی تایبەت بە بەرهەمی کشتوکاڵ بە توانای یەک ملیۆن و 900 هەزار تۆن لە پارێزگاکەدا کاران."
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن سێو لە باخەکانی پارێزگای ورمێ بەرهەم بهێندرێ، کە 750 هەزار تۆنی هەناردە دەکرێ، ئەوەی دەمێنێتەوە لە بازاڕ دەفرۆشرێ یان بە کارگەکانی شەربەت دەفرۆشرێ.


