رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردەوە.
رۆژی دووشەممە، 14-09-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤ فەیگن، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بەهێزترکردنی پەیوەندییە دۆستانە، تایبەت و هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەروەها دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی ئابووری و بەرهەمهێنانی نەوت: "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەپێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق، ئەوەش لە چوارچێوەی برەودان بە جموجۆڵی بازرگانی و پاراستنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەوەرێکی دیکەی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکاندا، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.



