رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ساڵی نوێی خوێندن زیاتر لە 22 ملیۆن کتێب چاپکراون و سەرجەمیان گەیشتوونەتە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنیان دەستی پێکردووە؛ هاوکات ئاشکرای دەکات کە نزیکەی ملیۆنێک و 750 هەزار قوتابی لە کەرتی حکومی و نزیکەی 170 هەزار قوتابیش لە کەرتی ناحکومی دەست بە خوێندن دەکەن.
رۆژی 14ی ئەیلوولی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە پەریناز عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "نزیکەی ملیۆنێک و 750 هەزار قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و 170 هەزار قوتابیش لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی دەبن، بەڵام هەردوو بڕەکە زیاد دەبن، لەبەر ئەوەی پرۆسەی تۆمارکردنی ناو بەردەوامە."
سەبارەت بە ناونووسینی منداڵان لە قۆناخی یەکەمی خوێندن، وەزیری پەروەردە گوتی: "ساڵانە لەنێوان 150 هەزار بۆ 165 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکی بنەڕەتیدا ناونووس دەکرێن. ئێستاش پرۆسەی وەرگرتنمان لە 98% تەواو بووە، بەڵام تۆمارکردنی داتا لە قوتابخانەکان ماوە. لە هەمان کاتدا زیادبوون لە نێوان 10 هەزار بۆ 15 هەزار قوتابییە کە ساڵانە بۆ کەرتی خوێندنی حکومی زیاد دەکات."
لەبارەی دابینکردنی پەرتووک، ئالان حەمەسەعید دڵنیایی دایە مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان و گوتی: "ناوچەکە بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێ، بەڵام بە خۆشبەختییەوە لە 10ی ئەیلوول دوایین گوژمەی کتێب گەیشتە هەرێمی کوردستان و هیچ کتێبێک لە دەرەوەی وڵات نەماوە. ئێستا زیاتر لە 22 ملیۆن کتێب چاپکراون، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە پرۆسەی دابەشکردنە لە کۆگەکانەوە کە دەستی پێکردووە."
وەزیری پەروەردە گوتی: "رەنگە لە یەک دوو رۆژی سەرەتای دەستپێکی دەوامدا هەندێک قوتابخانە بە تەواوەتی کتێبیان وەرنەگرتبێت، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە کتێب نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پرۆسەی گواستنەوە. هەمووان دڵنیا دەکەینەوە کە کتێبی نوێ بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن دابین کراوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزیری پەروەردە باسی لە دۆخی قوتابیانی بەهرەدار کرد و گوتی: "وەزارەتی پەروەردە سێ ناوەندی خوێندنی هەیە بۆ ئەو قوتابیانەی بەهرەدارن؛ لە سلێمانی دواناوەندی ئەزمەڕمان هەیە، لە هەولێر دواناوەندی قەڵا و لە دهۆکیش دواناوەندی دهۆک کە لە پۆلی 7 تاوەکو 12 دەستپێدەکات و بە پێوەر و ستانداردێکی جیاواز لەگەڵ تاقیکردنەوەی ئاستی زیرەکی وەردەگیرێن."



