رووداو دیجیتاڵ لیژنەکانی لابردنی زیادەڕۆیی لە کەرکووک، بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ گەڕەکەکان دەکەن و تەنیا روو لە گەڕەکە کوردییەکان دەکەن، لە کاتێکدا لە گەڕەکە عەرەبنشینەکان بەبێ کێشە خانووی زیادەڕۆ دروست دەکرێن، ئەمەش نیگەرانیی دانیشتووانی کوردنشینی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە. هێزێکی ئەمنی لەگەڵ لیژنەی لابردنی زیادەڕۆ چوونەتە سەر گوندی عەلیاوا لە نزیک گەڕەکی کوردستان و داوایان لە خەڵکەکە کردووە خانووەکانیان چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی بیڕووخێنن، بەڵام دانیشتووانی گوندەکە رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، ئەوان زیادەڕۆ نین و ئەوە گوندی باو و باپیرانیانە. هێمن کورد، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی عەلیاوا، دەڵێت، "لە ناوچەی 55 لیژنەکە رۆیشتن و دەرکران و خەڵک دەستی بە دروستکردنی خانووەکانیان کردەوە. لە گەڕەکی بەدر خانووبەرە دروست دەکرێت و کێشەیان نییە، تەنیا لە گەڕەکە کوردییەکان کێشە دروست دەکەن." پێشتریش چەند خانوویەکی گوندەکە رووخێندرابوون، یەکێک لەوانە خانوویەکی تەواونەکراوی پێشمەرگەیەک بوو کە لە شەڕی دژی داعش شەهید ببوو. بڕیار شوانی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی عەلیاوایە و دەڵێت، "ئەمە هی پیاوێک بوو لە شەڕی داعش شەهید بوو، ئەوکات هەیکەلەکەی کردبوو، ئەو رۆژە هاتن و رووخاندیان." 20 رۆژ لەمەوبەر، لیژنەکان چوونە سەر کەرتی 55ـی دۆمیز لە باشووری شارەکە، کەسانێک خانووی زیادەڕۆیان لەسەر رێگەیەکی سەرەکی دروستکردبوو و ویستیان خانووەکان بڕووخێنن، بەڵام هەڵمەتەکەیان پێ راگیرا و ئێستاش بەشێک لە خانووەکان تەواوکراون و کارکردن تیایاندا دەستیپێکردووەتەوە. لە باشووری شاری کەرکووک، دەیان گەڕەک و شوێنی زیادەڕۆ دروست دەکرێن و رۆژ بە رۆژ نرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە. سەید ئەبو سەعد، کاسبکارێکە و دەڵێت، "وەک پێمگوتن، 100 مەتر زەوی دەگاتە سەرووی 15 ملیۆن دینار، 200 مەتریش گەیشتووەتە 40 ملیۆن دینار." خەڵکەکە زەوییان داگیر نەکردووە، بەڵکو لە کەسانی خاوەن دەسەڵات و حیزبەکان دەیکڕنەوە و هیچ لیژنەیەکیش ناتوانێت لێیان نزیک ببێتەوە. بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوشار دەکات و بڕیاریانداوە بە زوویی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆکان بگۆڕدرێن. ئەحمەد رەمزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت، "گۆڕانکاریی بەردەوام لە لیژنەی زیادەڕۆ لە پارێزگاکە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیمان بە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکانە." ئێستا لە کەرکووک بەهۆی پەرەسەندنی زیادەڕۆیی، دابەشکردنی زەویی موڵکی دەوڵەت راگیراوە. ئەم دیاردەیە جگە لەوەی ناڕێکی لە ماستەرپلانی شارەکە دروست دەکات، هاوکات وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک سەیر دەکرێت.