رووداو دیجیتاڵ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سەر رێگەی نەغەدە - پیرانشار لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار هاونیشتمانی کە ئەندامی یەک خێزانن گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو. ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عەزیزنەژاد، بەرپرسی فریاکەوتنی پیرانشار رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان نەغەدە-پیرانشار و لە نزیک گوندی قارنا بووە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئێل-90 و بارهەڵگرێک پێکیانداداوە. بە گوتەی بەرپرسی فریاکەوتنی پیرانشار، لە رووداوەکەدا چوار کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلی ئێل-90 گیانیان لە دەستداوە، کە هەموویان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی پیرانشارن. ئیبراهیم عەزیزنەژاد گوتیشی، شۆفێری بارهەڵگرەکەش لە رووداوەکەدا بە سەختی بریندار بووە و دوای فریاگوازیی سەرەتایی بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە. تیمەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری روودانی رووداوەکە دەستپێکردووە. بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدەدەن. بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، لە 21-03-2026 تاوەکو 21-06-2026، 194 کەس لە پارێزگاکە بە روودای هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە 152 کەسیان پیاو و 42 کەسیان ژنن.