رووداو - دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری فەرەنسی ئارنۆ سانت مارتن بە ئاماژەدان بەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پرۆسەی چارەسەری لایەنێکی سەرەکییە، داواکارییەکی بۆ چوون بۆ ئیمراڵی و دیداری ئۆجەلان پێشکەش کرد.
پەرلەمانتاری پارتی (فەرەنسای سەربەرز)، ئارنۆ سانت مارتن رایگەیاند، داوای دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە.
لەو بڵاوکراوەیەی کە ئارنۆ سانت مارتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پرسی کورد و لە بەرامبەر 'پرۆسەی' بەردەوام لە تورکیادا یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانە. دەبێت بتوانێت پێشوازی لە سەردانیکەران بکات و پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەدا ببەستێت. بە فەرمی، بۆ ئەوەی بتوانین لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا سەردانی بکەین داواکارییەکمان پێشکەش کرد."
پارتی (فەرەنسای سەربەرز- لا فرەنس ئینسۆمیز) پارتێکی سیاسیی چەپڕەوی رادیکاڵە لە فەرەنسا و لە ساڵی 2016 دامەزراوە و لە کۆی 577 کورسی ئەنجوومەنی نیشتیمانی فەرەنسا، خاوەنی 71 کورسییە.
پێشتر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل چەند جارێک داوای ئەوەیان کردووە کە مەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان بڕەخسێت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی ئیمراڵی هەبێت و رۆژنامەڤانان و سیاسەتڤانان بتوانن سەردانی ئۆجەلان بکەن.


