رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەرەقەیەکی 35 خاڵییان پێشکێشی شاندی هەرێمی کوردستان کردووە کە تەواوی "ماف و شایستە دەستوورییەکانی" خەڵکی کوردستانی تێدا جێکراوەتەوە. دەشڵێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە، پێویستە شاندێکی سیاسیی باڵا بچێتە بەغدا و رەزامەندیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەستبهێنێت.
د. سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، وەرەقەیەکی "روون و یاسایی و دەستووری"یان ئامادە کردبوو کە لە 9 تەوەری سەرەکی و 35 خاڵ پێکهاتبوو.
بەگوتەی د. سەڵاحەدین بابەکر، شاندی حکومەت "دڵخۆش بوون بە کۆبوونەوەکە و بە راشکاوی پێیان راگەیاندوون، هەرچی ئەوان لە دڵیان بووە یان نووسیویانە، لەو وەرەقەیەی یەکگرتوودا هەبووە.
تەوەرە سەرەکییەکانی نێو وەرەقەکەی یەکگرتوو بریتی بوون لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 14.1% لە کۆی بودجەی عێراق، دوورخستنەوەی بودجە لە ململانێی سیاسی، دامەزراندن، پلە بەرزکردنەوە، مافی خانەنشینان، زیندانیانی سیاسی، دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و کارمەندانی گرێبەست. هەروەها بابەتی سووتەمەنی و نرخی بەنزین باسکراوە.
گوتەبێژی یەکگرتوو روونیکردەوە کە ئەوەی ئەوان پێشکێشیان کردووە "هیچی خەیاڵی نییە" و هەمووی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدایە و جێبەجێکردنی تەنیا پێویستی بە "ئیرادەیەکی سیاسیی جیدی" لە بەغدا هەیە.
لەگەڵ ئەوەی ستایشی کاری شاندە "هونەرییەکە"ی حکومەتی کرد، بەڵام د. سەڵاحەدین بابەکر پێیوایە کاریگەریی سەرەکی لای لایەنە سیاسییەکانە و گوتی: "ئێمە بە شاندەکەمان گوت، ئەم لیژنەیە لیژنەیەکی هونەرییە. دەبێت لیژنەیەکی سیاسیی بەهێز بچێت لەگەڵ یەکە بە یەکەی ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابنیشێت و بڕوایان پێبهێنێت کە دەنگ بدەن بەو خاڵانە."
یەکگرتوو پێشنیازی کردووە شاندێکی سیاسیی باڵا پێکبهێندرێت و ئامادەیی خۆیشی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن تێیدا "تاوەکو بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی قسە بکەین."
ئامانجی سەرەکی لەم هەوڵانە، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو، ئەوەیە کە کێشەکان چارەسەرێکی ریشەیی بکرێن و لە یاسای بودجەی 2027دا بچەسپێندرێن، "ئیدی پێویست بەوە نەکات هەموو مانگێک شاند بچێت گفتوگۆ بکات لەگەڵ بەغدا؛ مووچە هات، مووچە نەهات."
لەسەر پرسی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوانەی لەم دواییانەدا لەنێوان بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراون، بەرهەمی دەستپێشخەرییەکەی ئەوانە بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان.
د. سەڵاحەدین بابەکر، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت، نامەگۆڕینەوەی نێوان مەکتەبی سیاسیی هەردوولا و دیاریکردنی نوێنەر بۆ گەیاندنی پەیام کرد و گوتی: "ئێمە توانیمان بەستەڵەکەکە بشکێنین و بڕوا بە بڕیاربەدەستانی هەردوو لا بکەین کە کۆبوونەوە بکەن."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لووتکە، د. سەڵاحەدین بابەکر گوتی هەردوو لا پێیانوایە کۆبوونەوەکە پێویستی بە "ئامادەکاری" هەیە بۆ ئەوەی "بەرهەمدار" بێت. گوتیشی: "ئێمەش نامانەوێت کۆبوونەوەی لووتکە بکرێت و بەرهەمی نەبێت."
گوتەبێژی یەکگرتوو تێڕوانینی هەردوو لایەنی بۆ کۆبوونەوەی لووتکە روونکردەوە و گوتی، یەکێتی پێیوایە دەبێت پێشوەختە رێککەوتنێکی بنەڕەتی لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بکرێت و لە کۆبوونەوەی لووتکەدا رابگەیێندرێت. لەبەرامبەردا، پارتی پێیباشە "کۆبوونەوەی لووتکە بکرێت و لەوێ بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان بدرێت و لە پەرلەمانەوە هەنگاوەکانی تر بنرێن."
د. سەڵاحەدین بابەکر ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی زانیارییەکانیان، هەردوو لا تاوەکو ئێستا "سوورن" لەسەر داواکارییەکانیان لەبارەی پۆستەکانەوە، کە ئەمەش "کۆسپێکی گەورەیە." لەگەڵ ئەوەشدا، پێیوایە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی "دەبێتە سەرەتایەکی کرداری باش بۆ کۆبوونەوەی لووتکە."


