رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "ئاوەخت" بڵاوکردەوە. بەرهەمەکە کلیپێکی نوێیە کە بە شێوەزاری کەڵهوڕییە، پەیامێکی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی هەڵگرتووە و وەک زەنگێکی مەترسییە دژی هەوڵەکانی سڕینەوە و تواندنەوەی ناسنامەی کورد لە ناوچە جیاجیاکان.
بەرهەمەکە تەنیا کارێکی هونەری نییە، بەڵکو هۆشیارکردنەوەیە بۆ گەلی کورد، سەبارەت بە مەترسییەکانی گۆڕینی ناوی شوێنە کوردییەکان و سیمای شار و گوندەکان، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هونەرمەند هەوڵیداوە لەڕێگەی موزیک، گۆرانی و وێنەوە ئەو مەترسییانە بخاتەڕوو کە هەڕەشە لە یادەوەریی کولتووری و مێژوویی نەتەوەی کورد دەکەن.
نەجمەدین غوڵامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک هونەرمەندێک و تاکێکی ئەم گەلە، ئەرکی سەر شانمە کە لە رێگەی هونەرەکەمەوە پەیامی خۆم بگەیێنم. دەمەوێت بە هاونیشتمانییانی خۆم بڵێم، زمان و کولتووری خۆتان بپارێزن، چونکە ئەمە بنچینەی مانەوەی ئێمەیە."
غوڵامی تیشکی خستە سەر ئەو سیاسەتانەی لە ناوچە کوردییەکان پەیڕەو دەکرێن و گوتی، "ماوەیەکی زۆرە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەسەر گۆڕینی زمان و کولتووری کوردی کار دەکات، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەک کرماشان و سنە. ئەوان نەک تەنیا تابلۆی سەر دووکان و شەقامەکان بە زمانی فارسی دەنووسن، بەڵکو ناوی شار و لادێ و تەنانەت کێلی گۆڕی باوباپیرانیشمان دەشێوێنن و بە زمانی خۆیان دەینووسنەوە."
ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژەی بەوەش دا، لە دیمەنەکانی کلیپەکەشدا نموونەی زیندووی ئەو گۆڕانکارییانەی نیشانداوە، "وەک لە یەکێک لە دیمەنەکانی کلیپەکەدا ئاماژەم پێکردووە، ناوی دێرینی کرماشانیان گۆڕیوە بۆ (کرمەشاه) کە فۆرمێکی فارسییە. بۆیە پاراستنی ئەم میراتە و رێگریکردن لەم دەستدرێژییانە، ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە."
غوڵامی دەشڵێت، "پەیامی گۆرانیی (ئاوەخت) گشتگیرە و تەنیا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ هەموو تاکێکی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، چونکە لە هەر شوێنێک بە شێوازێکی جیاواز هەوڵی گۆڕینی ناسنامە و سڕینەوەی کولتووری کوردی دەدرێت."
کلیپەکە بە شێوازێکی نوێ بەرهەمهێندراوە و دیمەنەکانی تێکەڵەیەک لە زیرەکیی دەستکرد (AI) بۆ دروستکردنی وێنەی هێمایی نوێ، لەگەڵ دیمەنی سرووشتی و راستەقینە لەخۆدەگرێت. ئەم تێکەڵکردنە یارمەتیدەر بووە بۆ گەیاندنی پەیامەکە بە شێوەیەکی کاریگەرتر.
گۆرانیی "ئاوەخت" ئاوازەکەی لەلایەن نەجمەدین غوڵامی دانراوە، شارۆ کرماشانی کاری دەرهێنان و نووسینی تێکستەکەی کردووە، هەروەها دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن سەعید لوتفییەوە بۆ کراوە.


