رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12 کارا دەکرێت و هەموو دەرچووان دەتوانن داوای وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێش بکەن.
ئێوارەی چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەم ساڵ 40 هەزار و 716 دەرچووی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری بۆ زانکۆلاین پێشکێش دەکەن".
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سبەی کاژێر 08:30ی بەیانی زانکۆلاین کارا دەکرێت بۆ ماوەی هەشت رۆژ و تاوەکو 24ی ئەیلوولی 2026 کراوە دەبێت.
بڕیارە سبەی ماڵپەڕی (www.regayzanko.com) بکرێتەوە و هەموو دەرچووانی پۆلی 12 مافیان هەیە داوای وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش بکەن. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن".
ئەوانەی ئەم ساڵ مافی داواکردنی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە ژمارەیان 40 هەزار و 716 دەرچووە؛ 30 هەزار و 847 لە بەشی زانستی، 7 هەزار و 923 دەرچووی وێژەیی، 1240 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان، 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "داواکاری بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) لە 16 زانکۆی حکوومی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکرێت".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پار لە 21ـی ئەیلوول سیستمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووان کارا کرد و تاوەکو 5ی تشرینی یەکەم بە کارایی مایەوە.
رۆژی 30ی ئابی 2026 تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی کۆتاییان هات و رۆژی دواتر ئەنجامەکەی راگەیێندرا. هەروەها رۆژی 09-07-2026، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم راگەیێندرا.


