رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی
ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراقی بۆ دیاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی
کوردستان بە 12.68٪ رەتکردەوە و داوا دەکات بەغدا پابەند بێت بە رێژەی 14.14٪ کە ئەنجامی
فەرمیی پەسندکراوی سەرژمێریی گشتییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کرد.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، راپۆرتی وەزیری
پلاندانان سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق خرایەڕوو، کە تێیدا
رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە 12.68٪ دیاریکردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیێندراوێکدا ئەو رێژەیەی
رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەنجامی فەرمی و پەسندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان
و نیشتەجێبوون لە ساڵی 2024، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە 14.14٪ دیاریکردووە."
بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتەکانی پلاندانان و داد
و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردران کە هەموو رێکارە دەستووری، یاسایی و
دادوەرییەکان بگرنەبەر بۆ راستکردنەوەی ئەم رێژەیە و پابەندکردنی بەغدا بە ئەنجامە
فەرمییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندی
دانوستاندکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی گفتوگۆکانی لە بەغدا لەبارەی پڕۆژەیاسای
بودجەی 2027 خستەڕوو. سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەو کۆتوبەندانە کرد کە
لە ساڵانی رابردوودا بە ناوی "خەرجیی راستەقینە" و "خەرجییە سیادییەکان"ـەوە
پشکی هەرێمی کوردستانیان کەمکردووەتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، پێویستە مووچەی
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکسانی و بەبێ جیاوازی هاوشێوەی فەرمانبەرانی
فیدراڵ دابین بکرێت: "مووچە شایستەیەکی یاساییە و نابێت ناکۆکییە دارایی، نەوتی
و یاساییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، ببنە هۆی دواخستن یان پەکخستنی مووچەی مووچەخۆران".
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەشدا، راپۆرتی وەزیرانی پەروەردە
و خوێندنی باڵا سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەسەر دەستپێکردنی دەوام لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە
و راسپاردەی پێویستی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە و زانکۆکان دەرکرد.



