رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتی سپی، مەترسییەکان لەسەر دارستانەکانی دەڤەری سۆران زیاد بوون و پۆلیسی دارستانیش دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 20 کەسیان بە تۆمەتی بڕینی دار دەستگیر کردووە.
پۆلیسی دارستان و پاوانی سۆران، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دەستی بەسەر بڕێکی زۆر داری تەڕ و وشکدا گرتووە کە لە ناوچە و شوێنی جیاواز بڕدراون. لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دارەکان، ژمارەیەک کەسیش دەستگیر کراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
ئەمیر خۆشەوی، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و پاوانی سۆران، بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، رۆژانە مەفرەزەکانمان دەردەچن و چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەن کە مەترسیی داربڕینیان لێیە. لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، توانیمانە نزیکەی 20 کەس لەسەر بڕینی دار دەستگیر بکەین و رەوانەی دادگایان بکەین."
سەرەڕای زیادکردنی بازگەکانی پۆلیسی دارستان و چڕکردنەوەی چاودێری، هێشتا دیاردەی داربڕین بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە. لە دارستانێکی نزیک سەنتەری سۆران، پاشماوەی دارە ئەستوور و بەرزەکان دەریدەخەن کە بەم دواییانە و بە ئامێری کارەبایی بڕدراون.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پۆلیسی دارستان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی هەڕەشەیە لەسەر دارستانەکان.
مەغدید عوسمان، بازرگانێکی نەوتە و دەڵێت: "ماوەی 15 ساڵە نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بەرز نەبووەتەوە. ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 285 هەزار دینارە و لە ماوەی رابردوودا تاوەکو 300 هەزار دیناریش بەرز بووەوە." ئەو بازرگانە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر حکومەت نەوت دابەش نەکات، نرخەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە و کارەساتی ژینگەیی بەدوای خۆیدا دێنێت."
بەپێی یاساکانی پاراستنی ژینگە، هەر کەسێک داری تەڕ ببڕێت، سزاکەی سێ مانگ زیندانیکردن یان پێبژاردنە بە بڕی 500 هەزار تاوەکو پێنج ملیۆن دینار، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەلوپەلانەی کاری پێ دەکات.


