رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەشداری لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شارەکە و بڕیارە گوتارێک پێشکێش بکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 گەیشتە شاری سلێمانی و بڕیارە لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" بەشداری بکات و گوتارێک پێشکێش بکات.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوتی، بەشی یەکەمی لووتکەی ئابووری بە پێشانگەیەک دەستی پێکردووە و دواتر چەند گوتارێک پێشکێش دەکرێت، لەنێویاندا گوتاری سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
چاوەڕوان دەکرێت لە گوتارەکەیدا لە سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی دۆخی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
لووتکەی ئابووریی سلێمانی لە رۆژانی 17 و 18ی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت و سەرنجێکی سەرەکی بریتییە لە تاوتوێکردنی دۆخی ئابووری، سەرمایەگوزاری و کەرتی وەبەرهێنان.


