رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "نابێ ناکۆکییە سیاسییەکان ئاستەنگ بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان دروستبکەن، بەڵکو دەبێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگەینە چوارچێوەیەکی دەستووریی روون بۆ پرسەکانی دارایی، گومرگ و باجەکان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، "ئێمە عێراقێکمان ناوێت کە هەر پێکهاتەیەک پەنا بۆ هێز، ژمارە یان پێگەی خۆی ببات بۆ پاراستنی خۆی، بەڵکو عێراقێکمان دەوێ کە هەموومان پەنا بۆ دەستوور ببەین. دەوڵەتێکمان دەوێت کە تێیدا کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان، ئێزدی و سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقی هەست بکەن مافەکانیان بە گۆڕانی حکومەتەکان یان هاوکێشەی هێز ناگۆڕدرێ، بەڵکو مافیان بە دەستوور پارێزراو و لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت و یاساوە دەپارێزرێن."
سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەش نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت و گاز و دەسەڵاتەکان دەبێت چارەسەری دەستووریی هەمیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە، بە جۆرێک کە مافەکانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی عێراق و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بپارێزرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئامانج ئەوە نییە هەولێر بەسەر بەغدادا سەربکەوێت، یاخود بەغدا بەسەر هەولێردا سەربکەوێت، بەڵکو ئامانج ئەوەیە عێراق سەربکەوێت، دەستوور سەربکەوێت. هێزی هەموومان لە عێراقێکی فیدراڵیی بەهێزدایە، هێزی هەموومان لەوەدایە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بەهێز ببێت."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، "کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنین و دەست بە چارەسەرکردنیان بکەین، رێگەی ئەوەش روونە و بریتییە لە دەستوور، دیالۆگ و هاوبەشیی نیشتمانی لەم وڵاتەدا."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی رووی قسەکانی لە قوباد تاڵەبانی کرد و گوتی، "ئەم برادەرە خۆشەویستە، ماوەیەکی دوور و درێژ ئێمە پێکەوە کارمان کردووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. من ئەم برادەرە وەکو سەرمایەیەک دەبینم بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئەم وڵاتە و دەستخۆشیی لێدەکەم."
.jpg&w=3840&q=75)


