رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی شنگال لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق چارەنووسی هێزەکانی شنگال و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکان تاوتوێ دەکەن. بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لیژنەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ چەکدارەکان دەکات بۆ تێکەڵکردن.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ى ئەیلوولی 2026 بەشێک لە نوێنەرانی شنگال لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، کە یەکێک لە راوێژکارانی عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتی کۆوبونەوەکە دەکات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی شنگال و پرۆسەی تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی ئەو سنوورە بە هێزە ئەمنییە فەرمییەکان.
خالید سیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی شنگالە و بەشدارى لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات بە (رووداو)ی گوت: "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی قەزای شنگالە و یەکێک لەو پرسانەی باس دەکرێت، تێکەڵکردنی چەکدارەکانە".
ئەو جووڵەیەی حکومەتی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی شنگال لەدوای ئەوە بوو کە لە 11ى ئەیلوول عەلی فالح زەیدی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی دا بۆ یەکلاکردنەوەى دۆخی قەزاکە لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.
خالید سیدۆ گوتی: "تاوەکو ئێستا میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکان لە شنگال دیار نییە، کاری لیژنەکەش روون نییە کە چۆن دەبێت، بەڵام گفتوگۆ لەبارەیەوە هەیە".
لە ساڵی 2020 ، رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی واژۆ کرا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو قەزایە لە رووی ئەمنی، کارگێڕى، خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئاوارەکانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە.
یەکێک لە ئەرکی ئەو لیژنەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی داوە، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو هێزە سەربازی و ئەمنیانەی قەزاکەیە، کە بەشێک نین لە دامەزراوە فەرمییەکان.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەک سەرپەرشتی تێکەڵکردنی هێزەکانی شنگال دەکات کە زیاتر دوو هێز دەگرێتەوە و ژمارەیان چوار هەزار کەس دەبێت، بەڵام مەرج نییە هەموویان وەربگرێت و لیژنەیەک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکات بۆ یەکلاکردنەوەیان."
ئەو هێزانە لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال لە دەستی داعش لە ساڵی 2015 دروست بوون، یەکینەکانی بەرخۆدانى شنگال "یەبەشە" سەرەکیترینیانە.
بە گوتەی محەممەد کاکەیی، ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەو هێزانە دەخرێنە سەر سوپا، یان پۆلیس، یان حەشدی شەعبی و ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتی دەکات نوێنەرێکی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاواى نەینەواى تێدایە و وەک ئەنجوومەنی پارێزگاش چاودێری کارەکانیان دەکەن.
ساڵی 2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دوو لیژنەی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال پێکهێنا، بەبێ ئەوەی بتوانێت دۆخی قەزاکە بەتەواوی ئاسایی بکاتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

