رووداو دیجیتاڵ
کوردێکی دانیشتووئی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رووداوێکدا لە هۆڵەندا گیانی لەدەست دا. چالاکڤانێکی کورد لە ئەورووپا دەڵێت، ئەگەر هەوڵ بۆ گەڕانەوەی تەرمەکەی نەدرێت بۆ کوردستان، لەو وڵاتە دەسووتێندرێت.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا، پێنجشەممە 17-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ هاونیشتمانییەک بە ناوی پەروێز بەهمەنی، لە هۆڵەندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ئەویش دوای ئەوەی دۆخی دەروونی تێکچووە".
بە گوتەی رەنج پشدەری، ئەو هاونیشتمانییە مافی مانەوەی لە هۆڵەندا هەبووە. گوتیشی: "چەند رۆژێک مۆڵەت دراوە، کە ئەگەر تەرمەکەی نەگەڕێندرێتەوە وڵاتی خۆی، دەیسووتێنن".
ئەو چالاکڤانە دەشڵێت: "پەروێز بەهمەنی پێش ئەوەی بچێتە ئەورووپا پێشمەرگە بووە، بۆیە ئێران ئامادە نییە رێکارەکانی گەڕانەوەی تەرمەکەی جێبەجێ بکات و ئەوەی هەیە ئەگەر هەوڵ بدرێت دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەوێ بە خاک بسپێردرێت".
پەروێز پێشتر نزیکەی 10 ساڵ لە ئیتاڵیا ژیاوە، دواتر چووەتە بەلجیکا و دواجار لە هۆڵەندا ماوەتەوە.



