رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئیلام دەڵێت، بە تۆمەتی گەندەڵییەوە، 10 کارمەند و بەڕێوەبەر لە شارەوانی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری ئیلام لە ئەرکەکانیان هەڵپەسێردراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سێ ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی شارەکەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولوەهاب بەخشندە، داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و خستنەڕووی بەڵگەی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە رێڕەوی یاسایی دۆسیەی گەندەڵیی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیلام، 10 کارمەند و بەڕێوەبەر لە شارەوانی، هەروەها ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەکەش لە دۆسیەکەوە گلاون.
بەگوتەی عەبدولوەهاب بەخشندە، دۆسیەکە بۆ تێپەڕاندنی رێکارە یاساییەکان رەوانەی دادگە دەکرێت و "تۆمەتباران تاوەکو دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگە، لە ئەرکە کارگێڕییەکان هەڵپەسێردراون."
وەک داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، جیا لەو 11 کەسە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سێ ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی شاری ئیلامیش دەکرێت، کە گومان دەکرێت لە دۆسیەی گەندەڵییەوە گلابن، "بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری هەڵپەساردن لە ئەرکەکانیان بۆ دەرنەچووە."
شاری ئیلام 220 هەزار دانیشتووی هەیە و ئەنجوومەنی شارەکە لە حەوت ئەندامی سەرەکی و پێنج ئەندامی یەدەگ پێکدێت.
رۆژی سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی شاری ئیلام بۆ تاوتوێکردنی پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە ئەفشین موزەفەری، سەرۆکی شارەوانیی ئیلام کۆبووەوە، کە بە تۆمەتی گەندەڵی، وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیر کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی شاری ئیلام، لە کۆبوونەوەکەدا بە دەنگی هەر حەوت ئەندامی ئەنجوومەن، ئەفشین موزەفەری لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیلام لادرا. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی محەممەد نووری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئیلام بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، وەکو سەرپەرشتی شارەوانییەکە دانرا.


