رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، لەبارەی ئەو کەسانەی بەناوی گەریلاوە داوای پارە و هاوکاری دەکەن، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە خەڵک و خاوەنکارەکان دەکات باوەڕ بەو کەسانە نەکەن.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم دواییانەدا لە چەندین شوێنی باکووری کوردستان و تورکیا، هەندێک کەس بەناوی گەریلای پەکەکەوە سەردانی خاوەنکار، هاونیشتمانیان و خەڵکیان کردووە و داوای هاوکاریی داراییان لێکردوون.
هەپەگە، لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، لەسەر ئەو زانیارییانە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و "لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی لە چەندین شوێنەوە بەدەستمان گەیشتوون، لێکۆڵینەوە کراوە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، لەو شوێنانەی هێزەکانمانی لێیە یان لێی نییە، داوای هاوکاری لە هیچ کەسێک نەکراوە. بۆیە لە هەر کوێیەک بێت، ئەو کەسانەی بەو شێوەیە داوای هاوکاری دەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە گەریلا و بزووتنەوەی ئێمەوە نییە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم کارانە بە ئەنقەست دەکرێن و دەڵێت: "بەڵگە و زانیارییەکانی بەردەستمان ئەوە دەردەخەن لەم بابەتەدا کۆمەڵێک چەتە بە ئەنقەست کەوتوونەتە کار و ئەم کارە نەرێنییانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە دەکرێن."
هەپەگە داوای کردووە رێگری لەو کارانە بکرێت و دەڵێت، "ئێمە داوا لە گەلی وڵاتپارێزمان، دۆستان و هەموو لایەک دەکەین رێگە بەم هەوڵانە نەدەن؛ جا چ لە رێگەی نامە و تێبینییەوە بێت یان هەر رێگەیەکی دیکە، باوەڕ بەو کەسانە مەکەن و بەرامبەر ئەو کەسانەی بە ناوی گەریلاوە داوای هاوکاریی مادی دەکەن، وریا بن."


