رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڵپەساردن یاخود سڕکردنی 11 کەسی دیکە لە کارمەندانی شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری ئیلام، جارێکی دیکە سەرۆکی شارەوانیی شارەکە گۆڕدرا.
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاستی کردەوە، دوێنێ پێنجشەممە 17-09-2026، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنەکەدا، خەسرەو عیسایان، لە شوێنی عەلی محەممەد نووری، وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراوە.
گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئیلام لەکاتێکدایە هەر دوێنێ پێنجشەممە، عەبدولوەهاب بەخشندە، داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و خستنەڕووی بەڵگەی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە رێڕەوی یاسایی دۆسیەی گەندەڵیی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیلام، دەرکەوت 10 کارمەند و بەڕێوەبەر لە شارەوانی، هەروەها ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەکەش لە دۆسیەکەوە گلاون و بڕیاری هەڵپەساردنیان دراوە.
عەبدولوەهاب بەخشندە بەبێ ئاماژەدان بە هیچ ناوێک گوتیشی، جیا لەو 11 کەسە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سێ ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی شاری ئیلامیش دەکرێت، کە گومان دەکرێت لە دۆسیەی گەندەڵییەوە گلابن، "بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری هەڵپەساردن لە ئەرکەکانیان بۆ دەرنەچووە."
شاری ئیلام 220 هەزار دانیشتووی هەیە و ئەنجوومەنی شارەکە لە حەوت ئەندامی سەرەکی و پێنج ئەندامی یەدەگ پێکدێت.
رۆژی سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی شاری ئیلام بۆ تاوتوێکردنی پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە ئەفشین موزەفەری، سەرۆکی شارەوانیی ئیلام کۆبووەوە، کە بە تۆمەتی گەندەڵی، وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیر کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی شاری ئیلام، ئەوکات لە کۆبوونەوەکەدا بە دەنگی هەر حەوت ئەندامی ئەنجوومەن، ئەفشین موزەفەری لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیلام لادرابوو و عەلی محەممەد نووری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئیلام بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، وەکو سەرپەرشتی شارەوانییەکە دەستبەکار ببوو.



