رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی لێدوانەکانی دەستەی گەیاندنی عێراق بۆ داخستنی کۆڕەک تیلیکۆم لە کۆتایی ئەم مانگەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم کە دەتوانن سیمکارتەکانیان بەکار بهێنن و دەڵێ: "لە کوردستان کۆڕەک تیلیکۆم داناخرێت".
شاندێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەسەر چەند تەوەرێک قسەیان کردووە، عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی گوت، تیمی وەزاری گەشبینیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر هەوڵەکانی لیژنەکەیان لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری جەوهەری و دەستووری بۆ دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
لەبارەی سەردانی لیژنەکەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، میوانی بوڵتەنی کاژێر 12:00ی شەوی پێنجشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، لەگەڵ لیژنەکە کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژیان کردووە و یەکێک لە تەوەرەکانیان تاوتوێکردنی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم بووە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی گواستنەوەی عێراق باسیان لە کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و گوتی: "کۆڕەک تیلیکۆم گەورەترین کۆمپانیای تیلیکۆمە لە هەرێمی کوردستان و یەکەم کۆمپانیای هەرێمی کوردستان و عێراقە لە بواری پەیوەندیدا، بابەتەکە پەیوەندی بە ملیۆنەها هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە ژمارەی کۆڕەک بەکار دەهێنن بۆ ماوەی دەیان ساڵە، کە ژمارەکانیان پەیوەست کراوە بە هەژمارەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا، بانکەکان و هەژمارەکانی خوێندن".
ئانۆ جەوهەر دەڵێ: "داوامان کرد لیژنەی پەرلەمانی بەگوێرەی رۆڵی یاسایی و چاودێرییان لەگەڵ دامەزراوەکانی فیدراڵی کار بکەن بۆ ئەوەی کێشەی کۆڕەک کە چەندین رەهەندی یاسایی هەیە دەبێت بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت، دەبێت کارەکانی کۆمپانیا بەردەوامییان هەبێت چونکە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، دەبێت لە رووی دارایی و یاساییەوە چارەسەر بکرێن دوور لەوەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان زیانمەند بن".
دەستەی گەیاندنی عێراق رایگەیاندووە، کۆتایی ئەم مانگە هەموو ئامێرەکانی کۆڕەک تیلیکۆم دەکوژێننەوە و کارکردنی کۆمپانیاکە رادەگرن و داوایان کردووە هاوبەشانی کۆڕەک سیمکارتەکانیان بگۆڕن. وەزیری گواستنەوە گوتی: "دەستەی گەیاندنی عێراق ناتوانێت لە کوردستان کۆڕەک بکوژێنێتەوە، ئێمەش نامانەوێت بگات بەوە، ئەمە بابەتێکی یاساییە و کۆمپانیایەکی کوردستانییە و بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کار دەکەن و کەسیش ناتوانێت کۆمپانیایەکی کوردستان بکوژێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئێمە سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە نەوەکو دیکتاتۆری".
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پێشتر سەردانی دەستەی گەیاندنی عێراقیان کردووە و بەگوێرەی دەستوور گفتوگۆیان کردووە و ئامادەییان بۆ لیژنەی هاوبەش دەربڕیوە. گوتیشی: "کۆڕەک سویچێک نییە بیهێننە خوارەوە و ئەوە بابەتێکە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی ملیۆنان هاووڵاتییەوە هەیە، ئەوە بەگوێرەی لێدوانی کەسێک یان لایەنێک ناکرێت".
لەبارەی کارکردنی کۆڕەک لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان وەکو کەرکووک، ئانۆ جەوهەر گوتی: "من وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانم، لە پەرلەمانی کوردستان سوێندم بە ئینجیلی پیرۆز خواردووە بەرپرسیارێتیی یەکەمم بەرامبەر هاووڵاتییانی کوردستانە، تاوەکو بتوانم بەگوێرەی ئەرکەکەم، حکومەتەکەم و سەرۆکی حکومەت کار دەکەم بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستان بپارێزین، دەرەوەی سنووری یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری حکومەتی عێراقە، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ باڵاترین لیژنەی عێراق دانیشتین کە سەرۆکی لیژنە و پەرلەمانتارانی عێراق بوون، داوامان کرد بەگوێرەی دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەرگری لە مافی هەموو هاووڵاتییان بکەن کە زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتیین و سیمکارتی کۆڕەک بەکار دەهێنن".
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان گوتی: "بابەتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تەنیا باج نییە و بابەتێکی یاساییە، کۆڕەک تیلیکۆم لە دەستپێکی مۆڵەتەکەی دەبووایە 3 ملیۆن و 200 هەزار ژمارە کە تەحویلی کۆڕەک بکرێت و نەکرا ئەمە دەستپێکی کێشەکە بووە، بۆیە دەڵێم کێشەکە کێشەی ساڵێک و دووان و 10 ساڵ نییە، بڕیارێکی دادگە یان دووان و سیان نییە، بڕیارێک و دووانی حکومەتی فیدراڵی نییە و چەندین بڕیارە و چەندین ئەنجامیان هەیە، چەندین بڕیاری هەن جێبەجێ نەکراون، بۆیە دەبێت بابەتی کۆڕەک بە هێمنی و دوور لە بڕیاری خێرا بە شێوەیەکی یاسایی و سرووشتی چارەسەر بکرێت نەوەکو لە رێگەی لێدوانی میدیایی و باسی داخستن و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان".
ئانۆ جەوهەر دڵنیایی دا بە بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم کە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی و گوتی: "ئێمە لە حکومەت بەرگری لە مافی هاووڵاتییەکانمان دەکەین و بۆیە کۆڕەک تیلیکۆم لە [هەرێمی] کوردستان بەردەوام دەبێت".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
رووداو: ئەم کاتەت باش کاک ئانۆ، زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵمانیت. با هەر لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەست پێ بکەین؛ کۆبوونەوەی ئەمڕۆتان لەگەڵ لیژنەکە چۆن بوو؟ ئەو بابەتە هەڵپەسێردراوانە چی بوون کە باستان کرد؟
ئانۆ جەوهەر: زۆر سوپاس کاک ژیار. ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژمان هەبوو لەگەڵ لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن و حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەمڕۆ بابەتەکان کە باس کران، پێکهاتبوون لە چەندین تەوەر؛ ئەوەی گرنگتر لە هەموویان، بابەتی تەشریعی (یاسایی) بوو، بابەتی ئەو یاسایانەی کە کاریان لەسەر دەکەن لە لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەتایبەت یاسای گەیاندن، یاسای وەزارەتی گەیاندن و یاسای حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی.
لەم بارەیەوە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلمان هەبوو، بەتایبەت لەلایەن راوێژکارانی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی وەزارەت لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی لیژنەکە، و گەیشتین بەو تێگەیشتنەی کە لە رەشنووسێکی پێشکەوتوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەران کار بکەن. لەو کاتەشدا ئەم رەشنووسە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن، هەروەها لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی دەکەین تاوەکو بتوانین بەپێی یاسا و دەستووری عێراقیی هەمیشەیی، مافەکانی هاونیشتمانیانی کوردستان و مافەکانی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستووری بپارێزین و بیچەسپێنین لەم یاسایانەدا. ئەمە تەوەرێکی زۆر گرنگ بوو.
تەوەرێکی دیکە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بوو لەگەڵ کۆمپانیاکانی کوردستان لە بوارەکانی گەیاندنی جۆراوجۆر؛ کۆبوونەوەیان هەبوو و گوێیان لێ گیرا. من لێرەدا دەمەوێت سوپاسی پەرلەمانتار شێخ عەلی شێخ خاڵس بکەم کە ئەم دەستپێشخەرییەی کرد کە ئەو بەڕێزانەی هێنایە کوردستان. ئەمە یەکەم جارە لیژنەی تایبەتمەند بە گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمە بابەتێکی دیکە بوو بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم لە هەردوو بواری گواستنەوە و گەیاندن کە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلیان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە هەبوو.
رووداو: کاک ئانۆ، باسی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانت کرد؛ بێگومان یەکێک لەو کێشانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا زۆر باسی لێوە دەکرێت و هاونیشتمانیان دەیانەوێت بزانن ئەو کێشەیە چی لێ دێت، کێشەی کۆمپانیای کۆڕەکە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەو کێشانەتان کرد؟ کێشەکانی کۆمپانیای کۆڕەک؟
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە، کۆڕەک تیلیکۆم گەورەترین کۆمپانیای تیلیکۆمە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و یەکەمین کۆمپانیای تیلیکۆمە لەسەر ئاستی عێراق و یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکان لەسەر ئاستی عێراقیش. بۆیە ئێمە ئەم بابەتەمان هێنایە بەر باس، چونکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی هاونیشتمانیانەوە هەیە، بە ملیۆنەها هاونیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی کۆڕەک بەکار دەهێنن بۆ ماوەی چەند دەیەیەک؛ ئەم ژمارەیە پەیوەستە بە ئەکاونتەکانی سۆشیاڵ میدیا، ئەکاونتە بانکییەکان، خوێندن لە زانکۆ، و چەندین بابەتی دیکە لە بابەتی یاسایی لە دادگەکان کە ژمارە مۆبایل بەکار دەهێنرێت.
بۆیە ئێمە داوامان لە لیژنەی پەرلەمانی کرد کە ئەوان بەپێی رۆڵی یاسایی و چاودێرییان لەگەڵ دامەزراوەکانی فیدراڵی کار بکەن بۆ ئەوەی کێشەی کۆڕەک، کە چەندین رەهەندی یاسایی هەیە و چەندین حوکمی قەزایی دەرچووە و چەندین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەرچووە، بەپێی یاسا و حوکمی یاسایی چارەسەر بکرێت. دەبێت کارەکانی کۆمپانیا بەردەوامییان هەبێت، چونکە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژیانی هاونیشتمانیانەوە هەیە. دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت لە رووی یاسایی و داراییەوە، دوور لەوەی کە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان لەکەدار بێت یان هەر کارێک بکرێت کە زیانمەندی یەکەم و کۆتایی هاونیشتمانیانی کوردستان بێت.
رووداو: کاک ئانۆ، دەستەی گەیاندنی عێراق (CMC) گوتوویەتی کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆڕەک دەکوژێننەوە و داوای لە هاونیشتمانیان و بەشداربووان کردووە کە سیمکارتێکی دیکە بەکار بهێنن. ئایا بەغدا، یان ئەو دەستەیە لە رووی تەکنیکیەوە توانای ئەوەی هەیە کە لە هەرێمی کوردستانیش سیمکارتی کۆڕەک لەکار بخات؟
ئانۆ جەوهەر: نامانەوێت بگەینە ئەوە؛ بەڵام CMC ناتوانێت کۆڕەک بکوژێنێتەوە لە ناو هەرێمی کوردستاندا. ئەم بابەتە یاساییە و کۆمپانیایەکی کوردستانە. کۆمپانیاکانی کوردستان بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کار دەکەن. کەسیش ناتوانێت کۆمپانیایەکی کوردستان بکوژێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە، سیستمێکی مەرکەزی نییە، سیستمێکی دیکتاتۆری نییە.
ئێمە زۆر بە راشکاوی و بە رۆحێکی هاونیشتمانیانە، بەپێی دەستوور سەردانی CMCمان کرد، سەردانی جیهازی تەنفیزی و مەجلیسی مفەوەزینی CMCمان کرد و گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلمان هەبوو. ئامادەش بووین لیژنەی هاوبەشمان هەبێت، بەڵام بابەتی کوژاندنەوە چارەسەر نییە. کۆڕەک دامەزراوەیەکی گەورەیە و بەرژەوەندیی ملیۆنەها هاونیشتمانیی پێوە بەستراوە. بۆیە دەبێت ئەم بابەتە بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت نەک لە رێگەی لێدوانی میدیایی و کوژاندنەوە، چونکە دەبێت بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
رووداو: کاک ئانۆ، باسی هەرێمی کوردستانت کرد؛ وەک زانیاریتان هەبێت، لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بۆ نموونە ناوچە جێناکۆکەکان، لەوێ کۆمپانیای کۆڕەک دەتوانێت بەردەوام بێت یان کێشەی بۆ دروست دەکرێت؟ ئێوە چۆن دەتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن؟
ئانۆ جەوهەر: بەندە وەزیری هەرێمی کوردستانم و سوێندم خواردووە بە ئینجیلی پیرۆز لە پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسیارێتیم بەرامبەر بە هاونیشتمانیانی کوردستانە. هەتا بتوانم من بەپێی ئەرکەکەم و حکومەت و سەرۆکی حکومەت، بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان دەپارێزین. دەرەوەی سنووری یاسایی هەرێمی کوردستان، ئەوە سنووری حکومەتی فیدراڵە. ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەیەکی سەرانسەری هەموو عێراق دانیشتین کە ئەوان ئەندامی پەرلەمانی عێراقن؛ داوامان لێ کردن کە ئەوانیش بەپێی رۆڵی یاسایی و چاودێریی خۆیان دەستوەردان بکەن و بتوانن بەرگری بکەن لە مافەکانی گشت هاووڵاتییان کە زیاتر لە 4 ملیۆن هاونیشتمانین لە سەرتاسەری عێراق کە سیمکارتی کۆڕەک بەکار دەهێنن.
رووداو: کاک ئانۆ، کێشەی 'باج'ی کۆمپانیای کۆڕەک چۆن چارەسەر دەکرێت؟ هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت؟
ئانۆ جەوهەر: بابەتی کۆمپانیای کۆڕەک بابەتێکی یاساییە، نەک تەنیا بابەتی باج. کۆڕەک لە دەستپێکی وەرگرتنی مۆڵەتەکەیەوە، دەبوو 3 ملیۆن و 200 هەزار ژمارەی بۆ تەحویل بکرێت کە نەکرا؛ ئەمە دەستپێکی کێشەکە بووە. لەبەر ئەوە دەڵێم کێشەی کۆڕەک کێشەی ساڵێک و دوو ساڵ و 10 ساڵ نییە. چەندین بڕیاری دادگە و ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لەسەرە. بۆیە دەبێت بە هێمنی، دوور لە بڕیاری پەلە و بە شێوەیەکی یاسایی و پرۆفیشناڵ چارەسەر بکرێت، نەک لە رێگەی لێدوانی میدیایی و کوژاندنەوە، چونکە دەبێت بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگرێت.
رووداو: وەک دوایین پرسیار؛ بەشداربووانی کۆڕەک دوای کۆتایی ئەم مانگە خەمی ئەوەیان نەبێت کە سیمکارتەکانیان لەکار دەکەوێت لە هەرێمی کوردستان؟
ئانۆ جەوهەر: لە هەرێمی کوردستان کۆڕەک یەکەم کۆمپانیای گەیاندنە، کۆمپانیایەکی نیشتمانی و کوردستانییە. ئێمە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەت، بەرگری لە مافەکانی هاونیشتمانیانی خۆمان دەکەین و بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان لەپێشینە و یەکەمە لای ئێمە، بۆیە کۆڕەک بەردەوام دەبێت لە کوردستان.
رووداو: زۆر باشە، زۆر سوپاس بەڕێز کاک ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵمان بوویت.


