رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراسییەکان لە ئامەدی باکووری کوردستان رێپێوانێکیان بۆ داواکردنی خوێندن بە زمانی دایک و پێدانی پێگە بە زمانی کوردی رێکخست. پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، "بەبێ خوێندن بە زمانی دایک، ئاشتییەکی شکۆمەندانە ئەستەمە."
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، داواکارییەکان بۆ خوێندن بە زمانی دایک جارێکی دیکە هاتنەوە رۆژەڤ.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراسییەکان کە لە ژمارەیەک پارتی سیاسی، سەندیکای پیشەیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە، بەدروشمی "خوێندن بە زمانی دایک و پێگە بۆ زمانی کوردی" لە ئامەد رێپێوانێکیان ئەنجامدا.
سەتان هاونیشتمانی لە ناوچەی بایرامئۆغڵو کۆبوونەوە و بەبەرزکردنەوەی دروشمی جیاواز دەستیان بە رێپێوان کرد. دوای ئەوەی رێپێوانەکە لە پارکی کۆشویۆڵو کۆتایی هات، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بەڕێوەچوو.
شوکران یاقوت، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا (MED-DER)، بەناوی پلاتفۆرمەکەوە راگەیێندراوێکی خوێندەوە.
شوکران یاقوت رایگەیاند، قوتابییانی کورد ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو لە مافی خوێندن بە زمانی کوردی بێبەش کراون.
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا گوتی: "زمانی کوردی یادگەی گەورەی ئێمەیە، کۆڵەکەی سەرەکیی و ناسنامەی ئێمەیە. سیاسەتی سڕینەوە ئەم کۆڵەکەیە لاواز دەکات و گواستنەوەی زمانی کوردی بۆ نەوەی نوێ دەخاتە مەترسییەوە و دەروونی منداڵەکانمان تێکدەدات."
شوکران یاقوت گوتیشی: "ئەو منداڵانەی ناتوانن بە زمانی خۆیان قسە بکەن، بخوێننەوە و بنووسن، هەست بە کەموکورتی دەکەن. ئەم دۆخە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر مێشک و شیکاریی منداڵان دروست دەکات. هەر زمانێک کە بۆ نەوەی نوێ نەگوازرێتەوە، رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون دەبێتەوە."
سەرھات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد کە بەشداریی رێپێوانەکەی کرد، سەرنجی خستە سەر ئەو پرۆسەیەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڕێوەدەچێت و رایگەیاند، خوێندن بە زمانی دایک یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئاشتییەکی شکۆمەندانە و گوتی: "پێویستە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی قبووڵ بکرێت."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی: "بەبێ خوێندن بە زمانی دایک، ئاشتییەکی شکۆمەندانە ئەستەمە. بۆ ئەمەش، پێویستە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی پەسند بکرێت. هەر گەلێک زمانەکەی دانی پێدا نەنرابێت، ناسنامە و کولتوورەکەشی قبووڵ نەکراوە. پێدانی پێگە بە زمانی کوردی بەواتای قبووڵکردنی بوونی کورد دێت. پێویستە یان بە گۆڕانکارییەکی دەستووری یان یاسایی، زمانی کوردی پارێزراویی یاسایی بەدەستبهێنێت."


