رووداو دیجیتاڵ هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزای رزگاری، شارەوانیی قەزاکە بە جیاکاریکردن لە هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەکان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "باخچەی بەردەم ماڵەکەیان تێکداوە، بەڵام هی سەرۆکی شارەوانییان وەک خۆی هێشتووەتەوە." قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، داوای روونکردنەوەیان لە سەرۆکی شارەوانی کردووە. شارەوانیی رزگاری باخچەی بەردەم ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد بەدر تێکدەدات، بە پاساوی ئەوەی کە گوایە ئاژەڵ و پەلەوەری تێدا بەخێوکراوە، بەڵام ناوبراو ئەو پاساوە رەتدەکاتەوە. محەممەد بەدر، بە رووداوی گوت: "ئێستا باخچەکەیان تێکداوە و بووەتە خۆڵ، لە زستانیشدا دەبێتە قوڕاو، کەچی باخچەی بەردەم ماڵی سەرۆکی شارەوانی لانەبراوە." بەگوێرەی وێنەکان، باخچەی بەردەم ماڵی سەرۆکی شارەوانیی رزگاری کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی زیادەڕۆییە، لانەبراوە و گەراجی ئۆتۆمبێلیشی تێدایە. لەمبارەیەوە، جەمال ساڵح، قایمقامی قەزای رزگاری، بە رووداوی راگەیاند: "هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی هەموو کەسێک دەگرێتەوە، جا بەرپرسی حکومی بێت یان حیزبی. داوامان لە سەرۆکی شارەوانی کردووە روونکردنەوەمان لەسەر ئەو بابەتە پێبدات." هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی لە قەزای رزگاری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
کوردستان18-09-2026وەزارەتی پێشمەرگە: زیاتر لە 99٪ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە پرۆسەی هەژماری من تۆمارکراون