رووداو دیجیتاڵ
لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی شەڕ لەنێوان دوو گرووپدا 12 کەس بریندار بوون؛ تەندروستیی 4 لە بریندارەکان ناجێگیرە.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026 لە گەڕەکی کازم کارابەکیر لە شەقامی ئەحمەد یەسەوی لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان روویدا. گرووپێک لە باڵکۆنی نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکەوە دەمەقاڵێیان لەگەڵ گرووپێکی دیکەدا کرد کە بە شەقامەکەدا تێدەپەڕین و پێشتر کێشەیان لەنێواندا بووە.
دەمەقاڵێکە پەرەی سەند و چەک بەکارهات. دوای ئاگادارکردنەوە، پۆلیس و تیمی تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە شەڕەکەدا 12 کەس بریندار بوون کە یەکێکیان پۆلیسە. 2 لە بریندارەکان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری خێرایان بۆ کرا و ئەوانی دیکە بە ئەمبووڵانس بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە. تەندروستیی 4 لە بریندارەکان ناجێگیرە.
تیمەکانی پۆلیس 3 گومانلێکراویان دەستگیرکرد.
ئایدن بارووش، پارێزگاری ئەرزەڕۆم سەردانی نەخۆشخانەی کرد و دواتر بۆ رۆژنامەڤانان دوا و رایگەیاند، ئەمڕۆ کاژێر 18:45ـی ئێوارە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە شەڕێک، تیمەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
ئایدن بارووش گوتی، "یەکێک لە گوللـەکان بەر پۆلیسێک کەوتووە، بەڵام تەندروستیی جێگیرە، نەشتەرگەرییەکی بچووکی بۆ دەکرێ."
بارووش گوتی، "تیمەکانی پۆلیس هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە بە خێرایی دەستوەردانیان کرد و 3 کەسیان دەستگیر کرد کە لە نهۆمی سەرەوە تەقەیان دەکرد. دەست بەسەر چەکەکاندا گیراوە. ئێستا ئەو کەسانە دەستبەسەرن و داواکاری گشتیی کۆماری دەستی بە لێکۆڵینەوەی پێویست کردووە."


