رووداو دیجیتاڵ
قوتابیانی قوتابخانەی روانین لە گەڕەکی سەروەرانی قەزای عەربەت، ساڵێکی دیکەی خوێندن لەنێو کابینە بەڕێدەکەن کە نە بنمیچ و نە ژێرەوەی متمانەی لای خوێندکار و مامۆستایان دروستنەکردووە. لە زستاندا ئاو لێی دەتکێت و لە هاوینیشدا گەرما، لە هەردوو وەرزیشدا مشک و جرج بوونەتە میوانی هەمیشەیی پۆلەکانیان.
محەممەد سەرکەوت، یەکێکە لە قوتابییەکان و دەڵێت: "وەزعمان نییە، هاوین خەریکە سەرمان دەسووتێت، موشریفیش هات سەیری کرد و هیچی نەکرد."
هێڤار سەرکەوت، قوتابییەکی دیکەیە و باسی لەوە کرد، "زستان هەمووی تکەی باران دەکات و دەبێت سەتڵی بۆ بهێنین."
لە کابینەکانی گەڕەکی سەروەران دوو قوتابخانە هەن و دوو دەوامی وانەی تێدا دەخوێندرێت؛ یەکێکیان کوردی و ئەوی دیکەیان عەرەبییە. تەنیا لە دەوامە کوردییەکەدا لە قۆناخی یەک تاوەکو شەشی بنەڕەتی نزیکەی 500 قوتابی هەن.
ئاوات عەزیز، باوکی یەکێک لە قوتابییەکانە و دەڵێت: "منداڵەکانمان ئاسوودە نین، دەبێت باوکی منداڵ یان خێرخوازێک نۆژەنی بکاتەوە."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، دانیشتووانی گەڕەکەکە داوایان لە پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار کردووە باڵەخانەیەکی گونجاو کە خێرخوازێک دروستیکردووە و نزیکە لە ماڵەکانیان، بۆ قوتابخانەی روانین تەرخان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامێکی ئەرێنییان وەرنەگرتووە.


