رووداو دیجیتاڵ دوای رووخاندنی 11 دووکان و کۆگە لە گوندی عەلیاوای کەرکووک، خاوەنەکانیان کە دەستگیرکرابوون، بە بەڵێننامەیەک ئازاد کراون کە دەبێت لەسەر ئەرکی خۆیان دووکانەکانیان بڕووخێنن. دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، زەوییەکان بە وەبەرهێنەرێکی عەرەب دراوە و ترسیان هەیە لەوەی دوای دووکانەکان، خانووەکانیشیان بڕووخێنرێن. خاوەنی 11 لەو دووکانانە دوای دەستگیرکردنیان، لە بنکەی پۆلیس بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکراوەتەوە کە دەبێت لەسەر ئەرکی خۆیان دووکانەکانیان بڕووخێنن، ئینجا ئازاد کراون. بڕیار شکور، یەکێک لە خاوەن دووکانەکان، باسی ساتی دەستگیرکردنەکەی دەکات و دەڵێ، "بە زۆر منیان برد و خستیانمە ناو ئۆتۆمبێل، لە بنکەی پۆلیس یەکێک دەستی گرتم و ئەوی دیکەیان پەنجەمۆری پێکردم، نەمدەزانی چییە، دواتر کە هاتمە دەرەوە، یەکێک لە گیراوەکان گوتی نووسراوەکەی خوێندووەتەوە و تێیدا هاتووە کە دەبێ دووکانەکەت لەسەر ئەرکی خۆت بڕووخێنیت." دایکی یەکێک لە خاوەن دووکانەکان بە نزا و هاوارەوە داوای بەهاناوەچوون دەکات و دەڵێت، دوای دووکانەکان، نۆرەی رووخاندنی خانووەکانیانە. بەپێی زانیارییەکان، دووکان و کۆگەکان بەبێ قەرەبووکردنەوە رووخێنراون و شوێنەکە بە وەبەرهێنەرێکی عەرەب دراوە و دەبێ حکومەت لە ماوەیەکی کەمدا گوندەکەی رادەست بکات. سەورە کەریم، دایکی یەکێک لە دووکاندارەکان دەڵێ، "دەیانەوێ دەرمان بکەن و منداڵەکانم بە زۆر دەستبەسەر دەکەن و دەڵێن دووکانەکە بەسەرتاندا دەڕووخێنین. وا دەزانن ئەمانە زیادەڕۆن، لە کاتێکدا عێراق هەمووی زیادەڕۆییە." هاوکات، خوشکی یەکێک لە دووکاندارەکان دەڵێ، "برایەکم لێرە هەیکەلێکی دروستکردووە، بە قورئان 15 ساڵە پێی تەواو نەکراوە، کەچی پێمان دەڵێن ئێرە زیادەڕۆییە. ئەی هاوار، کام ئاوارە لە دوای 2003ـەوە گەڕاوەتەوە و تاپۆی خانووی پێدراوە؟" ژنێکی دیکە کە دایکی سێ منداڵی بێ باوکە، باس لەوە دەکات کە بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو دووکانە بووە. ئەو دەڵێت، "نۆ مانگە مێردەکەم کۆچی دوایی کردووە کە پێشمەرگەی دێرین و زیندانیی سیاسی بوو. ئەمە دۆخی ئێمەیە و ماڵمان کاول کرا، خوا ماڵیان کاول بکات." گوندی عەلیاوا دانیشتووانی کورد و عەرەبی تێدایە. لە ساڵی 1960 و لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم، خەڵکەکەی راگوێزران و دەست بەسەر زەوییەکانیاندا گیرا. دوای ساڵی 2003، دانیشتووانە ئاوارەبووەکەی گەڕانەوە و لەسەر زەوییەکانی خۆیان خانوویان دروستکردەوە.
کوردستان19-09-2026نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بەغدا بەتەواوەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر بکات