رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی پەروەردە و دابینکردنی پێداویستییەکان. سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش دەڵێت، یەکەم هەنگاو دانیشتنی پەرلەمانە و داوا دەکات پەرلەمانتاران بایکۆت بشکێنن.
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەوڵدەدەین ئاستی خوێندن بەرەوپێش ببەین و بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندن." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پەروەردە و خوێندن.
ئەمڕۆ 20ـی ئەیلوولی 2026، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە وەرزی یەکەمی خوێندن 72 رۆژە و وەرزی دووەمی خوێندنیش 89 رۆژە.
دواتر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە هەوڵدەدەین و خەریکین، ئیتر لەسەر لایەنەکانی دیکە دەمێنێت، ئەم پرسیارە زۆر کراوە. ئامادەیی ئێمە لە رۆژی دوای هەڵبژاردن هەبووە، تاوەکو ئێستاش ئەو ئامادەییەمان هەیە، دەمانەوێت حکومەت لە کاتێکی زوودا پێکبێت."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە مەرجی سەرەکیی پێکهێنانی حکومەت کرد و گوتی: "بەڵام پێش هەموو شتێک پێویستە پەرلەمانتارە بەڕێزەکان کە نوێنەری خەڵکن، بایکۆتی پەرلەمان بشکێنن و بێنەوە بۆ پەرلەمان. ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێبهێنن، چونکە دەبێت پەرلەمان هەبێت تاوەکو حکومەت پێکبێت. بۆیە یەکەم هەنگاو دانیشتنی پەرلەمانە."
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤاناندا کە ئایا هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێوان حیزبەکان و پەرلەمانتاراندا هەیە، مەسرور بارزانی رایگەیاند: " حەز دەکەم جارێک ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەو لایەنانە بکەن کە نایەنە پەرلەمان. ئێمە ئامادەین، پەرلەمانتارەکانی ئێمەش ئامادەن."

