رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026 - 2027، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری کارەکانی وەزارەتەکەی لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، چاپکردنی پەرتووک و راهێنانی مامۆستایان خستەڕوو و رایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن 19 ملیۆن پەرتووک چاپکراون و 108 جۆر پەرتووکیش گۆڕدراون.
وەزیری پەروەردە لە رێوڕەسمی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، رایگەیاند ئەمڕۆ 36 باڵەخانەی نوێ رادەستی کەرتی پەروەردە کراون و 29 باڵەخانەی دیکەش لە قۆناغی کارکردندان. ئاماژەی بەوەش کرد، لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا 310 باڵەخانە تەواوکراون، هەروەها 629 ژووری نوێی خوێندن لەناو ناوەندەکانی خوێندندا دروستکراون، بەمەش کۆی گشتیی ژوورەکان گەیشتووەتە 4969 ژوور کە جێگەی 125 هەزار قوتابی تێدا دەبێتەوە.
سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن، ئالان حەمەسەعید روونیکردەوە کە پێشتر سێ هەزار قوتابخانە نۆژەنکرابوونەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2026 - 2027ـیش 75 قوتابخانە لەلایەن حکومەت و وەبەرهێنەرانەوە نۆژەنکراونەتەوە. هاوکات لەرێگەی دەستپێشخەرییەکی (کوردستان فاوەندەیشن)ـەوە 100 قوتابخانەی دیکە نۆژەنکراونەتەوە و باخچەی 20 قوتابخانەش سەوز کراون، بەمەش کۆی گشتیی ئەو قوتابخانانەی نۆژەنکراونەتەوە گەیشتووەتە 3175 قوتابخانە.
لەبارەی پرۆگرامی خوێندن، وەزیری پەروەردە باسی لەوە کرد کە لەم کابینەیەدا تاوەکو ئێستا 508 پرۆگرامی خوێندن گۆڕدراون. تەنیا بۆ ئەمساڵی خوێندنیش 108 پەرتووکی خوێندن گۆڕدراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە 19 ملیۆن پەرتووک چاپکراون و تاوەکو 10ـی ئەیلوول گەیشتوونەتە هەموو کۆگاکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن گرنگیی بە لایەنی دیجیتاڵی و راهێنان داوە؛ بەگوتەی وەزیری پەروەردە، 110 قوتابخانە بە تاقیگەی داهێنان (ئینۆڤەیشن لاب)و پێداویستییەکانیەوە بۆ دابینکراوە. لەهەمان کاتدا، 145 هەزار مامۆستای قوتابخانە حکومییەکان راهێنانیان پێکراوە لە بوارەکانی دیجیتاڵی، ژیریی دەستکرد، ستراتیژیی ژینگە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت. جگە لەوەش، پلاتفۆڕمەکانی "قوتابخانەکەم" و "ئی-پەروەردە" بۆ سەرجەم مامەڵە کارگێڕییەکان و بوارەکانی فێربوون خراونەتە کار.
ئەمڕۆ 20ـی ئەیلوولی 2026، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە وەرزی یەکەمی خوێندن 72 رۆژە و وەرزی دووەمی خوێندنیش 89 رۆژە.

