رووداو دیجیتاڵ لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش زەنگی خوێندن لێدرا و زیاتر لە 108 هەزار قوتابی روویان لە پۆلەکانی خوێندن کرد. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی زاخۆ رایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ پێنج قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کێشەی کەمیی مامۆستایان هەیە. رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، سەلام حەسۆ پیرۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی زاخۆ،لە کاتی بەشدارییکردن لە بووڵتەنی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداوی کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند، جگە لە 108 هەزار قوتابی، 5 هەزار و 200 مامۆستا و 271 ناوەندی خوێندنیان لە سنوورەکە هەیە. سەبارەت بە قوتابییە نوێیەکان، سەلام حەسۆ پیرۆ گوتی: "ئەم ساڵ 7 هەزار و 500 قوتابیی پۆلی یەکی سەرەتایی تۆمار کراون." بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی زاخۆ، لە کۆی 271 ناوەندی خوێندن، 241یان ناوەندی حکومین و 30یان کەرتی تایبەتن. بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، ئەم ساڵ پێنج باڵەخانەی نوێی خوێندن کراونەتەوە. سەلام حەسۆ پیرۆ روونیکردەوە: "دووانیان لە سەنتەری شارن، یەکێکیان لە گوندێکی نزیک زاخۆیە، یەکێکیان باخچەی ساوایانە لە کۆمەڵگەی دێرەبوون و ئەوی دیکەشیان لە گوندێکی دیکەی نزیک زاخۆیە." سەرەڕای کردنەوەی قوتابخانەی نوێ، لە سەنتەری شاری زاخۆ هێشتا قەرەباڵخی لە پۆلەکاندا هەیە و ژمارەی قوتابیان لە پۆلێکدا دەگاتە 40؛ هەروەها هێشتا قوتابخانەی دوو دەوامی ماوە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پەروەردەی زاخۆ، کەمیی ژمارەی مامۆستایانە. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەی مامۆستایان بەشی پێویست ناکات. دوای بڕیاری خانەنشینی و گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ پارێزگاکانی عێراق، 450 مامۆستا رۆیشتوون و کەس لە شوێنیان دانەمەزراوە." سەلام حەسۆ پیرۆ گوتی: "پێویستمان بە 100 مامۆستای دیکەیە" بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان، بەتایبەتی کە دوو لەسەر سێی میلاکەکەیان ژنن و زۆربەیان مۆڵەتی دایکایەتی وەردەگرن. سەبارەت بە دۆخی باڵەخانەی قوتابخانەکان، سەلام حەسۆ پیرۆ ئاشکرای کرد کە هێشتا سێ بۆ چوار قوتابخانەیان لە کەرەڤانەدان و نزیکەی 10 باڵەخانەی دیکەش، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
کوردستان20-09-2026کۆنسووڵی فەرەنسا بۆ نێچیرڤان بارزانی: پاریس پابەندە بە برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر
کوردستان20-09-2026قایمقامی مەریوان: لە دەروازەی سنووریی باشماخ دەست بەسەر بارێکی چەک و تەقەمەنیدا گیرا