رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی مەریوان دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی باشماخ دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە کە لە نێو بارێکی هاوردەکراودا شاردرابووەوە.
نژاد جیهانی، قایمقامی مەریوان، شەوی شەممە، 19ی ئەیلوولی 2026 لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆییەکانی ئێران رایگەیاند: "جێگەی خۆشحاڵییە کە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی جێگیر لە دەروازەی سنووریی باشماخ بە هۆشیاری و گرتنەبەری رێوشوێنی تووندی پشکنین و کۆنترۆڵکردن، توانیویانە بارێکی چەک و تەقەمەنی کە بە شێوەی جۆراوجۆر شاردرابووەوە، دەستنیشان بکەن و دەستی بەسەردا بگرن."
قایمقامی مەریوان ئاماژەی بە بڕ و جۆری ئەو چەکانە نەکرد کە دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام گوتی: "چاوەڕوانیمان لە وڵاتی دراوسێمان ئەوەیە کە بەپێی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان، چاودێری و کونترۆڵی پێویستیان بە سەر سنوورەکانیدا هەبێت بۆ ئەوەی ئاسایشی ئێران و پارێزگای کوردستان (سنە) نەکەوێتە مەترسییەوە و هیچ هەڕەشەیەک دژی ئاسایشی ئێران دروست نەبێت."
نژاد جیهانی بە ئاماژەدان بە دۆخی ئەمنیی دەروازەی سنووریی باشماخ لە کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گوتی: "لە کاتی جەنگی رەمەزان و هەروەها جەنگی 12 رۆژەدا، سەرەڕای بوونی هەندێک هەڕەشە و مەترسی، بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی پێشوەختە و هۆشیاریی هێزە جێگیرەکان لە دەروازە سنوورییەکە، رێگە نەدرا ئاسایشی ناوچەکە زیانی پێ بگات."
جیهانی، ئاسایشی بەردەوامی بە بنەمای پەرەپێدانی ئابووری و چالاکییە بازرگانییەکان ناوزەند کرد و رایگەیاند: "کۆنترۆڵە پێویستەکان لە کاتی هاتنە ناوەوە لە دەروازەی سنووریی باشماخدا ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە کاتی دەرچوونیشدا پێویستمان بە رێوشوێنی جیدیترە".
قایمقامی مەریوان باسی لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و هەڕەشە ئەمنییەکانی دیکە کرد و گوتی، "پێویستە هەموو لایەک رۆڵی خۆیان لە بەهێزکردنی ئاسایشی دەروازەی سنووریی باشماخ و رێگریکردن لە هەڕەشە ئەمنییەکاندا بگێڕن، چونکە هەر جۆرە پشێوییەک لە پرۆسە سنوورییەکاندا بەتایبەت لە رێگەی هاوردەکردنەوە دەبێتەهۆی ئەوەی کەسانێک هەلەکە بقوزنەوە و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵات و پارێزگاکە دروست بکەن."
داواشی لە بازرگانان و خاوەنکاران کرد کە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان رۆڵی زیاتر بگێڕن. قایمقامی مەریوان ئەوەشی خستەڕوو، کە بەم دواییانە ماستەرپلانی دەروازەی سنووریی باشماخ لەسەر ئاستێکی باڵا لە تاران پەسند کراوە و بەوەش پرۆژەی پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکە بە خێراییەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت.
دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی باشماخ یەکێکە لە گرنگترین خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و رۆڵێکی بەرچاو لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو لایەندا دەگێڕێت.


