رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی بڕیارێکی نوێ لەبارەی قەرزی پێشووی کارەبا رادەگەیێنێت. بەپێی بڕیارەکە قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانە و بەبێ هیچ داشکاندنێک تاوەکو 24 مانگ دەکرێتە قیستی پابەندکراو، کە لە مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، سەرجەم ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی رابردوودا سوودمەند نەبوون لە داشکاندنی 50%ـی قەرزە کۆنەکانیان، قەرزەکەیان بەشێوەی قیستی درێژخایەن دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانەی رووناکی.
یەکەم قیست لەسەر پسوولەی خولی مانگی 9 دەبێت کە بڕیارە لە مانگی 10 دەربچێت و هاوبەشان لە 50 رۆژدا لەگەڵ پارەی کارەبای مانگانەکەیان قیستەکەش دەدەنەوە.
پڕۆژەی رووناکی شێوازی دابەشکردنی قیستەکانی "بۆ کارئاسانیی هاونیشتمانییان و کاسبکاران" بەمشێوەیە دیاریکردووە:
ماڵان و کەرتی کشتوکاڵ: ماوەی دانەوەی تاوەکو 24 مانگ دەبێت. کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینارە.
بازرگانیی بچووک: ماوەی دانەوەی تاوەکو 12 مانگ دەبێت. کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینارە.
بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: ماوەی دانەوەی تاوەکو 6 مانگ دەبێت. کەمترین بڕی قیستی مانگانە 200,000 دینارە.
زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش قەرزی کۆنیان لەسەر نەماوە
بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەی رووناکی، لە بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزە کۆنەکان لەنێوان 3ـی ئاب تاوەکو 10ـی ئەیلوول، نزیکەی 800,000 هاوبەش بەشداربوون و قەرزەکانیان داوەتەوە. لە ئەنجامدا، لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش ئێستا هیچ قەرزێکی کۆنی کارەبایان لەسەر نییە کە 1 ملیۆنیان هاوبەشی ماڵانن.
هەروەها زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەشی کە هێشتا قەرزی پێش رووناکییان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 300,000 دینار.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا لێخۆشبوونی بۆ بڕی 360 ملیار دینار کردووە، کە 300 ملیار دیناری تایبەت بووە بە لێخۆشبوونی سەر قەرزی پێش رووناکی و 800 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند بوون.
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 90%ـی هاونیشتمانییانی کوردستان لەرێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە. بەپێی نرخە نوێیەکانیش، 80%ـی هاونیشتمانییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر مانگانە بۆ موەلیدە و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
.jpg&w=3840&q=75)

