رووداو دیجیتاڵ
دەستەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا، بە مەبەستی جێگیرکردنی شایستەکانیان و دامەزراندنیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق هاوشێوەی هاوپیشەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای جێگیرکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستی عێراق لە بودجەدا، وەک دەستەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان گەیشتینە بەغدا. ئامانجمان لەم سەردانە بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانییە بۆ دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق".
ئەو ئەندامەی شاندەکە ئاماژەی بەوە کرد: "بڕیاری وەزیری دارایی عێراق ئەوەیە سەرجەم گرێبەستەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجە جێگیر بکات، داواکاریی ئێمەش ئەوەیە هاوشێوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی عێراق، مافی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بچەسپێنرێت و لە بودجەی عێراق دابمەزرێن".
مووچەی گرێبەستەکان تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەدرێت، مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 42 ملیار و 620 ملیۆن دینارە.
سەبارەت بە ئەجێندا و بەرنامەی سەردانەکەیان لە بەغدا، کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێ، کە چەندین دیداری گرنگ ئەنجام دەدەن و گوتی: "یەکەم سەردانمان بۆ لای سەرۆککۆماری عێراق دەبێت، دواتریش دیدارەکانمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رێکدەخەین. هەوڵیش دەدەین ئەگەر بتوانین لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببینەوە و پاشانیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ببەستین".
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەگەر کارنامەی خۆپێشاندانی مامۆستایان و گرێبەستەکان لە بەغدا نەگۆڕدرێت، وەک نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکەین، هاوکات سەردانی چەند لایەنێکی دیکەش دەکەین کە لە سەردانی پێشووماندا فریا نەکەوتبووین دیدار لەگەڵیان بکەین".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست هەن، نزیکەی نیوەیان مامۆستای وەزارەتی پەروەردەن و ئەوانی دیکە سەر بە وەزارەتەکانی دیکەن، داواکاریی سەرەکییان دامەزراندنە بە شێوەی هەمیشەیی.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، داتا و زانیاریی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، گرێبەستەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و سێ یەکەمەکان نێردراون بۆ بەغدا و داواکراوە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا پارەیان بۆ تەرخان بکرێت.




.webp&w=3840&q=75)