رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان بکرێنە هەمیشەیی.
چیمەن حوسێن سورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لیژنەکەمان نووسراوی فەرمی بۆ ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، تێیدا داوای کردووە مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2027دا هاوشێوەی مامۆستایانی گرێبەستی ناوچەکانی عێراق بکرێنە هەمیشەیی".
زیاتر لە 35 هەزار مامۆستای گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن. لە نووسراوەکەدا کە واژۆی زلێخا ئەلیاس قەدۆ، سەرۆکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە و رێککەوتی 9ی ئەیلوولی 2022ی لەسەرە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە کە لیژنەکەیان پەرۆشیی خۆی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی بۆ توێژێکی فراوانی مامۆستایانی گرێبەستی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت، کە بە درێژایی چەندین ساڵ خزمەتیان کردووە و رۆڵیان لە پێشخستنی پرۆسەی پەروەردەدا هەبووە.
لیژنەکە پێشنیازی کردووە، پێویستە تەرخانکراوی دارایی پێویست لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵیی داهاتوودا لەبەرچاو بگیرێ، ئەمەش لە نێو ئەو تەرخانکراوە داراییانەی کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کراون.
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەم هەنگاوە دەستەبەری ئەوە دەکات کە مامۆستایانی گرێبەستی شایستە بەپێی رێکارەکانی دامەزراندن لەسەر میلاکی هەمیشەیی دابمەزرێن، ئەمەش لە چوارچێوەی رێسا و یاسا کارپێکراوەکاندا دەبێت. ئامانج لەم داواکارییە، دابینکردنی مافە پیشەییەکانی مامۆستایان و جێبەجێکردنی بنەمای یەکسانی و دادپەروەرییە لەنێوان کارمەندانی کەرتی پەروەردە لە سەرانسەری عێراقدا، کە دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی دۆخی پیشەیی و بژێوی ژیانیان.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، داتا و زانیاریی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، گرێبەستەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و سێ یەکەمەکان نێردراوە بۆ بەغدا و داواکراوە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا پارەیان بۆ تەرخان بکرێت.


