رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکی مێژووییدا بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی چەندین ساڵەی هێزەکانی پێشمەرگە، رۆژی دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026 لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆتاییهاتنی پرۆسەی چاکسازی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندرا.
ئەم پرۆسەیە بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی دیکەی باڵای سیاسی و سەربازی بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم رێکخستنەوە نوێیە، دەیان هەزار پێشمەرگەی سەر بە یەکەکانی 70 و 80 دەچنە نێو چوارچێوەیەکی یەکگرتووی سەربازیی نیشتمانی لەژێر فەرماندەیی راستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە موڵکی هیچ حیزبێک نییە
لە گوتاری راگەیاندنی پرۆسەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە گوتی، هێزی پێشمەرگە پێویستە ناسنامەیەکی تەواو نیشتمانی هەبێت و گوتی: "پێشمەرگە هێزێکی حیزبی نییە، بەڵکو هێزێکی کوردستانییە و موڵکی هیچ حیزبێک نییە. بەم هەنگاوە چیدیکە هیچ هێزێک لە دەرەوەی کارگێڕیی وەزارەتی پێشمەرگەدا نامێنێتەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "کوردستان پێویستی بە یەک فەرماندە، یەک هێز و یەک وەزارەت هەیە. پێشمەرگە لە سەختترین کاتەکاندا لە یەک سەنگەردا بوون و پێکەوە قوربانییان دا، پێویستە ئێمەش ئەو قوربانیدانە بکەینە بنەمای یەکڕیزی و پێکەوەیی ناوخۆمان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی پارتی و یەکێتی کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لەم پرۆسەیە و دووپاتی کردەوە، دەستپێکی پرۆسەی چاکسازی لەسەر دەستی سەرۆک مەسعود بارزانی بووە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و داوای لە بەغدا کرد بەپێی دەستوور بودجە و چەکی پێویست بۆ پێشمەرگە دابین بکات.
مەسرور بارزانی: رۆژێکی مێژووییە و بەڵێنەکەمان لە کارنامەی حکومەتدا جێبەجێ کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئەم رۆژەی بە "رۆژێکی مێژوویی بۆ پێشمەرگە و گەلی کورد" ناوبرد و روونیکردەوە، یەکخستنەوەی هێزەکان لە بەڵێنە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بووە و دوای کار و هەوڵێکی زۆر ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینرێ.
سەرۆکوەزیران ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەرخستنی چاکسازییەکەدا کرد، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کرد لە پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە.
مەسرور بارزانی گوتیشی: "زۆر گرنگە لە قۆناخی داهاتوودا هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکرێ تاوەکو وەک هێزێکی نیشتمانیی بەرگریکار لە ئاسایش و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە؛" هەروەها باسی لە هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرد بۆ پاراستنی سەقامگیری.
شۆڕش ئیسماعیل: یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کۆتاییهات
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی پتەوەوە توانراوە سەرجەم ئاستەنگ و بەربەستەکان تێپەڕێندرێن و گوتی: "بە هەموو جیهان رادەگەیەنین کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتە کۆتایی و سەرکەوتنێکی مێژووییمان تۆمار کرد. یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەستکەوتی نەتەوەیەکە و هەموومان شانازیی پێوە دەکەین."
وەزیری پێشمەرگە باسی لەوە کرد، سەرەڕای هەوڵی ناحەزان بۆ شکستهێنان بە دەستکەوتەکانی کورد، هەوڵی هاوبەشی دامەزراوەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد لە پرۆسەکەدا.
هەروەها گوتی: "نێچیرڤان بارزانی هەمیشە وەک چەتری کۆکەرەوە و پاڵپشتێکی بەهێزی وەزارەتی پێشمەرگە بووە، لەگەڵ پشتیوانیی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کە هاوکار بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییە ریشەییە."
هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەییە حیزبییەکان و دروستبوونی دەڤەری 1 و 2
کڕۆکی ئەم چاکسازییە بنەڕەتییە بریتییە لە نەهێشتنی یەکەی 80ـی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکەی 70ـی سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گۆڕینیان بۆ دوو فەرماندەیی سەربازیی فەرمی بە ناوەکانی (دەڤەری 1) و (دەڤەری 2).
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوتبوو، پەیکەری وەزارەت بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و گوتی: "هێزەکانی یەکەی 80 و یەکەی 70ـی پێشمەرگە بە ناوی دەڤەری 1 و دەڤەری 2 دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و تاکە بارەگایان وەزارەت دەبێت. ئەوان سەر بە هیچ حیزبێک نامێنن."
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پەیڕەوە نوێیە پێگەیەکی زۆر بەهێز دەبەخشێتە هێزەکان لە رووی کارگێڕی، دارایی و زنجیرەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن (قیادە و سەیتەرە). ئەم هێزانە بەسەر 10 فیرقەی سەربازیی رێکوپێکدا دابەش دەکرێن.
مێژووی چاکسازی و رۆڵی هاوپەیمانان
رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رێگەیەکی درێژی بڕیوە، لە ساڵانی 2010 بۆ 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی هەردوو یەکە خرانە نێو 14 لیوای هاوبەش، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان و سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 بوونە هۆی سستبوونی هەوڵەکان.
لە ساڵی 2018 بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ چاکسازیی پێشمەرگە داڕێژرا. قۆناخی یەکەمی پرۆسەکە لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد.


