رووداو - دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داشکاندنی 50%ی قەرزی کارەبای پێش رووناکی بۆ نزیکەی مانگێک کارا کراوەتەوە. هەروەها باس لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە و داوای هاوتاکردنی شایستەکانیان بە هێزە عێراقییەکان دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی راگەیاند.
ئەنجوومەنی وەزیران: شایستەکانی پێشمەرگە هاوتای هێزە عێراقییەکان بکرێت
ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: "لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، راپۆرتێکی وردی سەبارەت بە پرۆسەی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو و هەنگاوە ئەنجامدراوەکان و پلان و پێداویستییەکانی قۆناخی داهاتووی پرۆسەکەی روون کردەوە".
بەگوێرەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە راپۆرتەکەی وەزیری پێشمەرگەدا باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکسانکردنی مووچە، پلە، دەرماڵە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵی و جێگیرکردنی پێداویستییە داراییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵی کراوە، ئەویش بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان لە رێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، لەوانە خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی دەکات؛ بۆیە پێویستە مووچە، دەرماڵە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ خەرجییەکانی بەکاربردن، راهێنان، پڕچەککردن و پڕۆژەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێوەری یەکسان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا جێگیر بکرێن".
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە 21ی ئەم مانگە راگەیێندرا، ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: "پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی گرنگی بڕیوە؛ سەرجەم پێشمەرگەکان تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە، پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان ئەنجام دراوە و لیستی ناو و زانیارییەکانیان لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە وردبینی کراوە".
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، سەرۆکوەزیران یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی بە دەستکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان ناو هێناوە و رایگەیاندووە: "یەکخستنەوە تەنیا رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دامەزراوەییە بۆ رێکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەک فەرماندەیی و بڕیاری دامەزراوەیی، بە جۆرێک پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی نیشتمانی کە ئامانجی سەرەکی بەرگریکردن بێت لە خاک و خەڵکی کوردستان".
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە "دەستکەوتێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی" ناوبرد و رایگەیاند: "پێداگری لەسەر یەکسانکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵی دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستاندکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە لە دانوستاندنەکانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی مووچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی.
ئەنجوومەنی وەزیران: داشکاندنی قەرزی کارەبا دەستپێدەکاتەوە
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (299) لە 2026/7/22، سەبارەت بە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و پێشنیازی درێژکردنەوەی ماوەی سوودمەندبوون لە بڕیارەکە تاوتوێ کراوە و وەزیری کارەبا راپۆرتێکی خستووەتەڕوو. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە کۆی دەنگ بڕیاردرا ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی کارەبا لە 2026/9/24 تاوەکو 2026/10/18 بە هەمان مەرج و بڕگەکانی بڕیاری پێشوو درێژ بکرێتەوە".
ئەنجوومەنی وەزیران: پێشنیازی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان کرا
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، پێشنیازی دەستپێکردنی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان خرایە روو؛ بە مەبەستی نزیککردنەوە و هاوئاهەنگکردنی چوارچێوە یاسایی و رێکارییەکانی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: "لە پێشکێشکردنی بابەتەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکانیش بۆ ئەم مەبەستە میوانداری کرابوو، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گرنگیی کۆمپانیا گشتییەکانی وەک ئامرازێکی گرنگی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە ئابووری، بازرگانی، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان روون کردەوە. هەروەها باسی لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حکومەتی فیدراڵی لەم بوارەدا کرد، بە شێوەیەک کە دامەزراوە گشتییەکان بتوانن بە کارایی و خێرایی زیاتر چالاکی بکەن و لە هەمان کاتدا پابەند بن بە بنەماکانی چاودێری، شەفافیەت و پاراستنی سامانی گشتی".
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان باسی لە گرنگیی هاوئاهەنگیکردنی یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکان لە بوارەکانی کۆمپانیا، بازرگانی، وەبەرهێنان و چالاکییە ئابوورییەکان کردەوە؛ بە مەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازییە یاسایی و رێکارییەکان، ئاسانکاریکردن بۆ کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ چالاکیکردن لە سەرانسەری عێراق و دروستکردنی ژینگەیەکی یاسایی روونتر و گونجاوتر بۆ کەرتی گشتی و تایبەت. ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجوومەنی وەزیران، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان دا، هاوشانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە (21)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو، وەک دوو یاسای تەواوکاری یەکتر بە مەبەستی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان، پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکاندا".

.webp&w=3840&q=75)
