رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک، نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ ئەو عەرەبە هاوردانە راگرت کە زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانیان لە سنوورەکە بەدەستەوەیە و دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق.
پێشتر، دەیان گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ عەرەبە هاوردەکان لەسەر زەوی جووتیارانی کورد لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکەوە نوێکرابوونەوە، بەڵام چەند رۆژێکە رێنوێنیی نوێ بۆ فەرمانگەکە هاتووە و نابێت هیچ گرێبەستێکی دیکە لەسەر ئەو زەوییانە نوێ بکرێتەوە کە موڵکدارێتییان هی جووتیاری کورد یان تورکمانە.
دکتۆر نسار عەبدولقادر، بریکاری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر بە بڕیاری دادگا گرێبەستەکان نوێ دەکرانەوە، بەو مەرجەی کەسەکە خەڵکی سنوورەکە بێت و سەرژمێریی 1957ـی کەرکووکی هەبێت، بەڵام ماوەی هەفتەیەکە هەمووی راوەستاوە و چاوەڕوانی رێنوێنیی نوێ دەکەین."
وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، زیاتر لە 25 جووتیاری کورد و تورکمان بە نوێنەرایەتیی سەدان جووتیاری زیانمەند چوونەتە بەغدا.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا، دەڵێت، "یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ کە بە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2025 ناسراوە، هەروەها بڕیاری 29ـی ساڵی 2012، ساڵانێکە پەکخراون و جێبەجێ ناکرێن."
هەر لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا محەممەد، نوێنەرێکی دیکەی جووتیارانی تۆپزاوایە و دەڵێت: "من خاوەنی خاک و زەویی باو و باپیرانی خۆمم، بەڵام لەبەرچاوی من بە 700 هەزار دینار بە کرێ دەدرێتە جووتیارێکی دیکە و لە منی وەرناگرن."
کێشەکانی زەویوزار لە کەرکووک، بە بڕیاری 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2012 و یاسای ژمارە 3ـی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025 چارەسەر کراون، بەڵام لە بەردەم جێبەجێکردنیاندا چەندین بەربەست هەن.
.jpg&w=3840&q=75)

