رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەک لە نەبوونی چالاکیی شانۆیی لە هەولێر، گرووپێکی شانۆیی بە نمایشکردنی شانۆگەرییەک لەسەر شەقام، قەرەباڵخییەکی زۆری دروستکرد و سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا راکێشا.
شانۆگەریی "رووناکییەک خۆری ئاواکرد" لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار رەفعەت، لەسەر شەقامێکی هەولێر نمایشکرا و تێیدا چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی خرانەڕوو.
جوتیار رەفعەت، نووسەر و دەرهێنەری شانۆگەرییەکە، بە رووداوی راگەیاند: "ویستمان لەسەر شەقامەوە دەستپێبکەین بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگەی خۆمان بە خەڵک نیشانبدەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. هەروەها دەمانەوێت لە رێگەی ئەم کارانەوە بینەرانی شانۆ بۆ ناو هۆڵەکان بگەڕێنینەوە."
شانۆگەرییەکە باس لە ژیانی دوو ژن دەکات و تیشک دەخاتە سەر گرنگیی پەروەردەکردنیان بۆ دەرەوەی ماڵ و بەشدارییان لە کۆمەڵگەدا.
شنیار محەمەد، یەکێک لە ئەکتەرانی شانۆگەرییەکە، ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازیی گەرمی بینەران هانی داوە و گوتی: "پێشبینیی ئەوەم نەدەکرد ئاوا بچمە نێو شانۆکە. گەورەیی بینەران بوو کە تەنانەت لەسەر پارچە قوماشێک بۆیان نووسیم 'تۆ ئازایت'."
بینەرانیش خۆشحاڵی خۆیان بە نمایشکردنی ئەم جۆرە کارە هونەرییانە لەسەر شەقام دەربڕی. زانیار فاتحی، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو، گوتی: "ئەو جۆرە شانۆیانە لە رۆژهەڵات زۆرترە، بەڵام ئەوەی ئەمشەویش زۆر جوان و بەهێز بوو."
ئەژین قادر، یەکێکی دیکە لە بینەران، ستایشی بوێریی ئەکتەرە ژنەکانی کرد و رایگەیاند: "گریان و قیژەی ژنەکان زۆر تایبەت بوو. بوێریی دەوێت ژن بتوانێت لەسەر شەقام شانۆیەکی وا پێشکێش بکات."
مەهدی حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی شانۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، هیوای خواست ئەم جۆرە کارانە ببنە هاندەرێک بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی شانۆ و گوتی: "ئەو گەڕانە بەنێو خەڵکدا سوودێکی دیکەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خەڵک دووبارە هانبدرێنەوە بێنەوە ناو هۆڵەکانیش."


.png&w=3840&q=75)
