رووداو دیجیتاڵ
یوسف رەحیمی، چالاکڤانی دیاری کولتووری و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەدەبیی هاژە لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی کچەکەی گەیاندووەتە قوتابخانە بێسەروشوێن بووە و هێزە ئەمنییەکانیش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کارەکەی.
کەسێکی نزیک لەو چالاکڤانە لە شاری بانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوول کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، یوسف رەحیمی کچەکەی گەیاندووەتە قوتابخانە، بەڵام خۆی نەگەڕاوەتەوە و لەو کاتەوە بێسەروشوێنە."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، چەند کاژێرێک دوای دیارنەمانی، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کارەکەی ناوبراو، دەستیان بەسەر کۆمپیوتەر، بەڵگەنامە و کەلوپەلە تایبەت و کارییەکانی دا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا خانەوادەکەی لە چارەنووسی بێئاگان و هیچ زانیارییەکیان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە پێنەدراوە، بەڵام بەهۆی شێوازی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی، مەزەندە دەکرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابێت.
یوسف رەحیمی چالاکڤانێکی دیاری ئەدەبی و کولتووریی شاری بانەیە و هاوکات بەرپرسی ئەنجوومەنی ئەدەبیی (هاژە)یە لەو شارە، کە رۆڵێکی بەرچاوی لە بەڕێوەبردنی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ناوچەکەدا هەبووە.
.png&w=3840&q=75)


