رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق داوا لە باڵیۆزخانەى هیندستان دەکات بە بڕیارێکى پێشووى خۆیدا بچێتەوە و رێگە بدات بەوەى دانیشتووانی کەرکووک لەبرى بەغدا، لە کونسووڵخانەکەیان لە هەولێر ڤیزاى گەشت بۆ هیندستان وەربگرن.
ئەو داواکارییەى وەزارەتى دەرەوە لە باڵیۆزخانەى هیندستان لەسەر بنەماى نووسراوێکى پۆلا سیروان دێرەشەیی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بووە کە لە 22ى تەمووز ئاراستەى ئەو وەزارەتەى کردووە.
پۆلا سیروان دێرەشەیی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زۆربەى ئەو کەرکووکیانەی گەشتیان بۆ هیندستان دەکرد بەمەبەستى چارەسەرى تەندروستى بووە و بەهۆى ئەوەى نەخۆش بوون، بۆ مامەڵەکانى وەرگرتنى ڤیزا لە باڵیۆزخانەى هیندستان لە بەغدا تووشى زەحمەتی زۆر دەبوون بەهۆى دووریى رێگاکەوە، کاتێکیش لە کونسوڵخانەى هیندستان لە هەولێر داواى ڤیزایان دەکرد پێیان نەدەدان".
ئەو رێکارەى کونسووڵخانەى هیندستان لە هەولێر لە 12ى کانوونى دووەمى 2026 ەوە دەستى پێکردووە، بەگوێرەى نووسراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ئەو هەنگاوە زیانى هەبووە، بەتایبەت کە 95%ى ئەوانەى داواى گەشتیان بۆ هیندستان کردووە بەمەبەستى چارەسەرى تەندروستى بووە.
پۆلا سیروان دێرەشەیی رایگەیاند، کاتێک دانیشتووانی کەرکووک دەچوونە کونسوڵخانەى هیندستان لە هەولێر بۆ وەرگرتنى ڤیزا، داواى کارتى زانیاریى هەرێمى کوردستانیان لێ دەکردن و بەبێ ئەوە ڤیزایان پێ نەدەدان.



.png&w=3840&q=75)
