رووداو دیجیتاڵ
راسپاردەکانی لیژنەی کاتی سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرزکرایەوە و تاوەکو بینێرێت بۆ عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی بە تەمەنی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026 راسپاردەکانی لیژنەی کاتیی تایبەت بە کێشەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستکراو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەمەبەستی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەنرخێکی پاڵپشتیکراو بەسەر هاونیشتمانیان، بە نووسراو بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرزکردەوە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات و لە هەمان کاتدا داوا لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات ئەو راسپاردانە لەبەرچاو بگرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
لیژنەکە لە رۆژی سێشەممە، رێکەوتی 2026/9/22 کۆبووەوە. بابەتەکە بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، ئەندامانی لیژنەی کاتی، گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ئەو راسپاردانەی خوارەوەی لێکەوتەوە:
یەکەم: پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە پێداویستییان دابین دەکرێت. بڕی پشکی هەر پارێزگایەکیش، هاوشێوەی پشکی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەژمار دەکرێت. دابەشکردنەکە بەپێی میکانیزمی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم دەبێت. لە ئەگەری بوونی کەمیی سووتەمەنی، بڕەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت. لەو دۆخەدا، ناردنی 50 هەزار بەرمیلەکە بۆ هەرێم رادەگیرێت و لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت. هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پابەند دەبێت بە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو نرخەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری کردووە.
دووەم: لە ئەگەری رەزامەندیدان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە زیادکردنی ئەو نەوتە خاوەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابین دەکرێت، پێشنیاز دەکەین:
- پێوەری دانیشتووان لەبەرچاو بگیرێت، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی قەیرانەکان، هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی دیکە.
- بڕی نەوتەکە لەلایەن لیژنەیەکی تەکنیکیی پێکهاتوو لە کۆمپانیاکانی پاڵاوگەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دیاری دەکرێت.
- نەوتی خاوی ناوخۆیی بە هەمان ئەو نرخە پەسندکراوە بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، کە لە پاڵاوگەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کاری پێدەکرێت.
- نەوتی رەش بە هەمان ئەو میکانیزمە رادەست دەکرێت، کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کاری پێدەکرێت.
- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەڵێن دەدات کە پێداویستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەو نرخانە دابین بکات، کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەسند کراون.
- تێچووی پاڵاوتن لەنێوان پاڵاوگەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی هەموو ساڵێکدا یەکلایی و پاکتاو دەکرێت، بەمەبەستی پێدانی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە.

