رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لەرۆژهەڵاتی کوردستان، دانیشتووانی گوندی "قەڵیچان" لەسنووری شاری جوانڕۆی سەر بەپارێزگای کرماشان نیگەرانن لەوەی منداڵەکانیان لەنێو کەرەڤانەی شڕ و بێ خزمەتگوزاری دا دەخوێنن و داوای دروستکردنی بینایەکی شایستە دەکەن.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی قەڵیچان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قوتابخانەی گوندەکەمان کانێکسە (کەرەڤانە) و بەتەواوی کۆن و شڕ بووە؛ ناوچەکەمان کوێستانییە و سەرما زوو دەستپێدەکات، کەچی قوتابخانەکە هیچ سیستمێکی گەرمکەرەوەی نییە و مەترسیی نەخۆشکەوتنی بەردەوام لەسەر منداڵەکانمان هەیە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکارییان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە یان دروستکردنی قوتابخانەیەکی گونجاو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە و دەڵێت: "وەرزی خوێندن دەستی پێکردووە و نازانین لەم سەرماوسۆڵەیە دا چۆن منداڵەکانمان بنێرینە بەر خوێندن لەشوێنێک دا کە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێی دا نییە."
گوندی قەڵیچان نزیکەی 1.7 کیلۆمەتر لەشاری جوانڕۆوە دوورە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 500 کەس زیاترە.
ساڵی نوێی خوێندن لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 23ـی ئەیلوولەوە دەستی پێکردووە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، لەم ساڵ دا نزیکەی 16 ملیۆن و 700 هەزار قوتابی دەستیان بەخوێندن کردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک و 830 هەزاریان لەپێنج پارێزگا کوردنشینەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانن (سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام و لوڕستان).

